ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پینە

سەلام عومەر

دەچمەوە منداڵیم

هەر لەبەر دەرگا خۆم دەتەكێنم

باغەڵم لە بەردەكان بەتاڵ دەكەم و

دارلاستیكەكەشم

لە ژێر تەنەكەی خۆڵەكە دادەنێم،

پانتۆڵە دڕاوەكەشم لە دایكم دەشارمەوەو

برینەكانی ناو لەپ و سەرچۆكم

بە تف تیمار دەكەم،

دەچمەوە منداڵیم

هەر لە حەوشە گڵینەكەوە

دایكم روخسارم دەخوێنێتەوە

دەمپشكنێ‌ و

پانتۆڵە دڕاوەكەم دەبینێ‌

ئەویش لە بابمی دەشارێتەوە

رامدەكێشێتە ژوورێ‌

پینەیەكی گەورە لە پانتۆڵەكەم دەدا

ئێستا گەورە گەورە بووم

ئەو پینەیە كەوتۆتە سەر برینەكانم و

دایكم نەماوە تا بۆم بشارێتەوە.