ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەرێمی كوردستان بەشێك لە كوردستانی باشوور پێك دێنێت، كەوتۆتە نێو سنوری نێو دەوڵەتی عێراق، ڕووپێوەكەی نزیكەی (49800 )كم2 دەبێت،ئەم ڕووپێوە نزیكەی( 58%) سەرجەم كوردستانی باشوور دەگرێتەوە، كە نزیكەی ( 11،3 %)سەرجەم خاكی عێراق .

سنوری ڕۆژهەڵات و باكوور و باكووری ڕۆژئاوای هەرێم بەشێكە لە سنوری نێودەوڵەتی عێراق لەگەڵ ئیران و توركیا و سوریا كە دوای جەنگی یەكەمی جیهان لە سایەی هەندێ ڕێكەوتنامەدا دەست نیشان كراوە .

سنوری باشوور و ڕۆژئاوای هەرێم لەباشووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی قۆڕەتووەوە دەست پێدەكات و لەنێوان چەمچەماڵ و قەرەهەنجیر تێپەڕ دەبێت پاشان بەرەو ڕۆژئاوا شارۆچكەی قوشتەپە دەگرێتە خۆی پردێ و دیبەگەش جێ دەهێڵێت و دواتر بەشارۆچكەی خەبات دەگات و لەوێشەوە بەرەو باكووری ڕۆژئاو تا سنوری نێو دەوڵەتی نێوان عێراق و سوریا دەكشێت .ئەم هێلە درێژیەكەی نزیكەی ( 630 )كم دەبێت كەئەمەش درێژترین سنوری هەرێمە لەگەڵ دراوسێیەكانی .

هەرێمی كوردستان دەورەدراوە بە چوار دەوڵەت كە لەباكوور توركیایە بەدرێژایی (320 )كم، وە لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ ووڵاتی ئێرانە بەدرێژایی (580 )كم، وەلە ڕۆژئاوا سوریایە بەدرێژایی (20 )كم، وە لەباشوور و باشووری ڕۆژئاواش ووڵاتی عێراقە بەدرێژایی ( 630 )كم .

گرنگترین تایبەتمەندی شوێنی دراوسێ یەتی هەرێمی كوردستان :

1-دراوسێتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەشەكانی تری كوردستانی گەورە، كەدابەش بووینە بەسەر ئێران و توركیا و عێراق و سوریا .

2-نزیكی هەرێمی كوردستان لەناوچەی كەنداو كە دەوڵەمەندە بەنەوت و لە ڕوسیا ی ئەمڕۆ و دەوڵەتانی دەوروبەری دەریای قەزوێن .