ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گۆران هەڵەبجەیی

بۆسنیا هەرسەگۆڤینە یەکێکە لە وڵاتانی بەلکان. لەڕووی دیرۆک و کەلتوور و کەشوهەواو و زۆر شتی دیکەوە هاوشیوەی وڵاتانی دیکەی بەلکانە،بۆیە نامەوێت زۆر بچمە قوڵایی دیرۆکەوە، تەنها هێندە ئاماژەی پێدەدەم کە خزمەت بەم باسە بکات،زیاتر تیشک دەخەمە سەر دۆخی ئەو وڵاتە و ژیانیان لە ئێستادا.

(بۆسنیا)و(هەرسەگۆڤینە) گوزارشت لە جیاوازی دوونەتەوە یا دووجۆر ئەتنیک ناکات،بەڵکو گوزارشتێکی جوگرافیە. سێ جۆر ئەتنیک لە وڵاتدا دەژین. بۆسنیکەان کە بە (بۆشناق) ناسراون و موسوڵمانن زۆرینە پێک دەهێنن،ئەوجا سەربەکان دێت و پاشانیش کرواتیەکان،کە تێکڕا ژمارەیان ٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسە.

لەڕووی ئاینیەوە کرواتیەکان سەر بە کەنیسەی کاسۆلیکن و سەربەکانیش سەربە کەنیسەی ئەرتەدۆکسی ڕۆژهەڵاتین.

بۆسنیاش یەکێک بوو لە پێکهاتەکانی کۆماری یۆگۆسلاڤیای کۆن .هەروەک چۆن بەشەکانی دیکە لە سەرەتای نەوەدەکاندا سەربەخۆ بوون،بەهەمان شێوە بۆسنیەکانیش پاش جەنگێکی خوێناوی کە هەزارەها مرۆڤ گیانان بەخشی، لە ساڵی ١٩٩٤ دا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ دانیان پێدانرا. بەڵام ئەم سەربەخۆییە بەجۆرە نەبوو کە خوازیاری بوون، بەڵکو پڕە لە کەلێن و کەمووکووڕی سیاسی و ئیداری.

وڵات لە دوو دەسەڵات پێک هاتوە کە مەرکەزیەتی ئیداری تێدانیە(لامەرکەزیەتە).

دەسەڵاتێک بەناوی (یەکیەتی بۆسنیاو هەرسەگۆڤینەیە) کە لە بۆسنیەکان و کراواتیەکان پێک هاتووە. دەسەڵاتەکەی دیکەش بە نێوی کۆماری سەربەکانە (لەدەرەوەی کۆمارە سەربە گەورەکە). دوو پەرلەمان و دوو ئاڵاو دوو شێوازی بەڕیوەبردن لە وڵاتدا هەیە .

سەرۆکایەتی ولاتیش شێوازێکی زۆر سەیرو سەمەرەی هەیە کە وەک بەکوردی دەڵێن (لەقووتووی هیچ عەتارێکدا بوونی نیە)

سەرۆکایەتی لە سێ کەس پێک هاتوە،هەر (٦) مانگ جارێک یەکێکیان لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دادەنیشێت.ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ وڵات درووستکردوە،چونکە لەزۆر جاردا تەبانین و تەگەرە دەکەوێتە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارو پێشنیارانەی دەردەکرێن. بۆنمونە گەر پێشنیارێک کرا ویەکێک لەو سیانە ئیدی سەرببێت یا کروات یا بۆسنی ڕەزامەند نەبوو،ئەوە پەکی دەکەوێتو سەرناگرێت.

بەهۆی ئەوەی وەستانیجەنگ و ڕێکەوتن لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتدا لە ژێر فشارو چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکیەتی ئەورپا ڕوویدا،دیارە بەوجۆرە ڕووینەدا کە پارسەنگی نێوان لایەنەکان تێک بدات وبەرژەوەندی لایەک زاڵبێت بەسەر دوولایەنەکەی دیکەدا،هەرسێ لایەنەکە تا ڕادەیەک وەک یەک بەشیان بەرکەوت . بەڵام لەدوای ئەو ڕێکەوتنەوە تا ئێستا هیچکام لەو سێلایەنە ڕازی نیە لە بەشە ئیدرەی و سیاسیەکەی خۆی،هەر سێکیان خۆیان بە مەغدور مافخوراو دەزانن . بۆیە بەڕای من وڵاتی ناڕازیەکان باشترین پێناسەیە بۆیان.

مەسەلەی بوون بە ئەندم لە یەکێتی ئەورپادا یەکێکە لەو ناکۆکیانەی تا ئێستا تەبانین لە بارەیەوە.

ناکۆکیەکان لە سنوورەوە بەدی دەکرێت، دەمێک لە مەرزی مۆنتەنەگرۆوە گەشتینە مەرزی بۆسنیا،شتێکی زۆر سەیرم بەدی کرد، ئەویش ئاڵای وڵاتەکەبوو.

لەهەموو جیهاندا خاڵە سنووریەکان ڕووی شارستانی و جوانی وڵات نیشان دەدەن،بە تایبەت ئاڵا،کە دەبێت جوان و گەورەو ڕێک و پێک بێت.

بەڵام لە مەرزی بۆسنیا ئاڵایەکم بەدی کرد،باوەڕناکەم لە دواکەوتووترین وڵاتی دنیادا ئاڵای وڵات بەوشیوە هەڵوسرێت. ئاڵایەکی بچوک بەتەلێکی ژەنگاوی هەڵوسرابوو کە بەرگەی ڕەشەبایەکی بەهێزی نەدەگرت.

بەو پێیەی ئەو مەرزە دەگەڕێتەوە بۆ سەربەکان و ئەوان زۆرینەن لە دەڤەرەکەدا هەربۆیەش کارگوزارەکانی مەرز هەموویان سەربین،وە ئاڵای وڵات گرنگ نیە بەلایانەوە،بەڵکو ئاڵای سەربیا بە ئاڵای خۆیان دەزانن .(هەمان لێکچون لە ئاڵای کوردستان و عێراق)

بەڵام دەمێک لە مەرز دوورکەوتینەوە هەر مەودایەک و ئاڵایەکی سەربیا بە مەزنی و بەرزی دەشەکایەوە.