ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەم پەیماننامەیە لە ( 10/اب/1920 ) لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ و بە نوێنەرایەتی هەندێ دەوڵەتی تر مۆركرا،وە لە كاتی بەستنی ئەم پەیمانە كوردستان بەدوو پارچەیی مابووە وە كوردستانی دەوڵەتی عوسمانی و كوردستانی ئێران .

ئەم پەیمانە لە ( 13 ) بەش و ( 433 ) بەند پێك هاتبوو،لەبەشی ( 3) و بەندی ( 62–63 –64 )ڕاستەوخۆ باسی كورد و ئایندەی كوردەكانی كوردستانی كردبوو،وە بەیەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دادەنرێ كەبەم شێوەیە باسی كورد بكات،هەرچەندە لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد دەكات بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ . 

دەقی ئەو بەندانەی پەیمـانی سیـڤەر كەتایبەت بوون بەكورد :

62–دەبێت كۆمسیۆنی ئەستەمبۆل بەفەرمی دەست نیشانی سێ نوێنەر بكات،ئەوانیش نوێنەری بریتانی و فەرەنسی و ئیتالی بن، هەتا شەش مانگ دوای مۆركردنی ئەو پەیماننامەیە ئەو كۆمسیۆنە دەبێت نەخشەیەك بۆ خودمختاری هەرێمی ئەو مەڵبەندانە پێشكەش بكات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن،لە ڕۆژهەڵاتی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان سنوریان بۆ دەست نیشان بكرێت .

ئەگەر كۆمسیۆن نەیتووانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات ئەوا نوێنەرەكان دەتووانن لەگەڵ حكومەتەكانیان تاوتوێی ئەم بابەتە بكەن،وەباسیش لەپاراستنی مافی ئاشوریەكان و كەمەنەتەوەكانی تر كراوە .

63–حكومەتی توركیا مل كەچ دەبێت بۆهەر بڕیارێك كەوا كۆمسیۆن دەری بكات كە لەبەندی ( 62 ) باس كراوە،دەبێت لەماوەی سێ مانگ دا لەدوای دەركردنی بڕیارەكە جێ بەجێیان بكات .

64–تا ساڵێك لە پاش ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامە ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان جیانەبنەوە لە توركیا دەبێ ئەنجومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن وە ئەنجومەنیش دانی بەوەدانا كەئەوان دەتوانن سەربەخۆ بژین ئەوا حكومەتی توركیا دەبێ ڕازی بێت و دەست بەرداری ئەو ناوچانە بێت،وە دەبێت توركیا دەست لەمافی ئەو ناوچانە هەڵبگرێت،مافەكانیش بەگوێرەی ڕێكەوتنی هاوپەیمانان و توركیا دەبێت،كوردەكانی ویلایەتی موسڵیش ئەگەر خوازیاری جیابوونەوەن بەویستی خۆیان ئەوا هاوپەیمانان هیچ ڕێگریەك ناكەن بچنە پاڵ حكومەتە كوردیەكەوە .

.......ئەوەی تێبینی دەكرێ لەبەندەكانی ئەو پەیماننامە سەرەتا ئاماژەكردنێكە بەحوكمی زاتی تەنها بۆ كوردەكانی باكوور نەوەك بۆ هەموو كوردەكانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی ئێران،ئەوەش بەئاشكرا شەرعیەت دانە بە دابەشكردنی كوردستان وە لەدوای جەنگیش بەئاشكرا دەركەوت كەوا چۆن مافەڕەواكانی گەلی كورد پێشێل كراوە،وە زیاتر بەشی باشووری كوردستان كەوتۆتە بەر هەڕەشەی داگیركەران،هەر بۆیەش ئەم پەیماننامە بەم شێوەیە بەستراوە چونكە بەرژەوەندیەكانی بریتانیا لە بوونی نەوت لە ویلایەتی موسڵ وای دەخوازی .