ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فیلمێكی ئەنیمەیشنی كوردی بەناوی (بێدەنگی ئاسمان) لەدەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەكر لەفێستیڤاڵی سینەمایی وڵاتی كەنەدا خەڵات كرا. 

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی خەڵاتەكەوە رایگەیاند "فیلمەكەم (بێدەنگی ئاسمان) لەخولی 2017ی فێستیڤاڵی سینەمایی باشوری جۆرجیا كەلەوڵاتی كەنەدا ئەنجام دەدرێت خەڵاتی برۆنزی لەبەشی فیلمە ئەنیمەیشنەكان پێبەخشرا". 

فیلمەكە نوێترین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكرە و بەسپۆنسەری عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنی زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە و لەئێستادا فیلمەكە لەچەندین فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی وەرگیراوە و بەشداری لەپێشبڕكێ‌ و بردنەوەی خەڵاتدا دەكات و دواهەمین بەشداریشی لەخولی یانزەهەمینی فێستیڤاڵی سینەمایی روبار بو كە لە رۆژانی 16 تا 30ی حوزەیرانی 2017 لەوڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچو. 

)بێدەنگی ئاسمان) كورتە فیلمێكی ئەنیمەیشنە‌و لەبارەی خەونەكانی مرۆڤە بۆ ئازادی‌و لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەشەوە جبرائیل ئەبوبەكر دەڵێت "فیلمەكە باس لەخەونی مرۆڤ دەكات بۆ ئازادی، بەوپێیەی كە هیچ كەسێك ناتوانێت رێگا لەئازادی بگرێت‌و بەربەستی بۆ دروست بكات". 

وتیشی "ماوەی فیلمەكە 100 چركەیە و بەرهەمی ساڵی 2017-یە".

جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبوی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات و هەتا ئێستا چوار كورتە فیلمی بەرهەمهێناوە و نزیكەی 20 خەڵاتی نێوخۆیی و جیهانیشی بەدەستهێناوە.