ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

د.عادل حوسین

لە كۆمەڵگاكەماندا پێشكەشكردنی خواردنەوە شیرینكراو و گازدارەكان باوە لە جەژن و بۆنەكانی تردا، ئایا بە زیانە تەندروستییەكانی ئەم خواردنەوانە ئاشنایت؟ ئایا دەزانیت كە زیانیان لە سوودەكانیان زیاترە؟ خواردنەوە شیرینكراوەكان Sweet drinks بریتین لە هەر شلەمەنییەك كە هەر جۆرە شەكرێك لەخۆبگرێت وەكو: سۆدا، خواردنەوە گازدارەكان، شیرەی دەستكردی میوە،خواردنەوەی وەرزشوانان (سپۆرت درینك Sport drinks)، خواردنەوە وزەبەخشەكان، شیری شیرینكراو بە چێژی جیاواز. خواردنەوە شیرینكراوەكان رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن لەگەڵ چەندین ماددەی كیمیایی وەكو رەنگ و بۆن و چێژ و ماددەی پاراستنی خۆراك بە بێ بوونی هیچ ماددەیەكی سوودبەخشی وەكو ڤیتامین و كانزا و ماددەی دژەئۆكسان، بۆیە دەووترێت كە وزە یان كالۆری بەتاڵ لەخۆدەگرن Empty calories، هەندێكیان ماددەی زیانبەخش و شیرینكارە دەستكردەكان لەخۆدەگرن كە لە لایەنی تەندروستییەوە رێنمایی ناكرێن. زیانی شلەمەنییە شیرینكراوەكان: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی بەتایبەتی لە منداڵدا كە رێژەكەی تا 60% زیاد دەبێت، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە بەتایبەتی لە ئافرەتدا، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشی بەگەكان Gout، زیادبوونی ئەگەری كلۆربوونی ددان تا رێژەی 50%. هەوڵ بدە لە بۆنەكاندا بە پێی توانا ئاو، ماستاو، شیرەی سروشتی میوە بەبێ زیادكردنی شەكر، چای یان قاوە یان كاكاوی بێ شەكر یان بە كەمێك شەكر بخۆیتەوە لەجیاتی خواردنەوە شیرینكراوەكان.