ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاراس ئه‌مین

رێژه‌ی مردن به‌ نه‌خۆشیه‌کانی دڵ ساڵانه‌ تا دێ زیاتر ده‌بێت و هۆکاره‌که‌شی گوێ نه‌دانی هاوڵاتیانه‌ به‌ خۆپارێزی له‌و مه‌ترسیانه‌ی دڵ هیلاک ده‌که‌ن.

دامه‌زراوه‌ی خۆپارێزی له‌ نه‌خۆشیه‌کانی دڵ له‌ ئه‌مریکا ده‌ڵێت : نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری یەکەمی مردنن لە جیهاندا و ساڵانە نزیکەی 17.3 ملیۆن کەس بە نەخۆشی دڵ دەمرن، تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش که‌ پێشبینیدەکرێت تاکو ساڵی 2030 ژمارەی مردن به‌ نه‌خۆشی دڵ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیاد بکات و بگاته‌ 23.6 ملیۆن حاڵەتی مردن.

دامه‌زراوه‌ی ناوبراو ده‌ڵێت: نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا زۆر بڵاوه‌ ساڵانه‌ خاڵکانیکی زۆر له‌ ئه‌مریکا به‌ نه‌خۆشی دڵ ده‌مرن، بڵاوترین جۆری نه‌خۆشی دڵیش له‌و ووڵاته‌ نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵە، کە تێیدا رۆیشتنی خوێن بۆ بەشێكی دیوارەکانی دڵ کەمدەکاتەوە و ده‌بێته‌ هۆی ڕودانی جەڵتەی دڵ

ساڵانە 610 هەزار حاڵەتی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ ته‌نها له‌ ئه‌مریکا تۆماردەکرێن، 25%ی سەرجەم حاڵەتەکانی مردن لە ئەمریکا بە نەخۆشییەکانی دڵە، بە جۆرێك 370 هەزار حاڵەتیان تەنیا بەهۆی نەخۆشی خوێنبەرەکانی دڵە

دامه‌زراوه‌که‌ ده‌ڵێ بۆیه‌ لە ئەمریکا نەخۆشییەکانی دڵ بە گشتی هۆکاری یەکەمی مردنن و بڵاوترین جۆر لەم وڵاتەش نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵه‌

جەڵتەی دڵ یەکێکە لە نیشانەکانی نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ، ساڵانە 735 هەزار کەس له‌ ئه‌مریکا تووشی جەڵتەی دڵ دەبن.

پزیشکان بۆ خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشیه‌کانی دڵ ئامۆژگاری هاوڵاتیان ده‌که‌ن که‌ گرنگی به‌ وه‌رزش کردن و خواردنی ته‌ندروست و وازهێنان له‌ جگه‌ره‌کێشان بده‌ن.

بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن : ته‌نها پیادەڕوییەکی خێرا بۆ 90 خولەک لە هەفتەیەکدا، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ بە راددەی 15% کەمدەکاتەوە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پیادەکردنی سیستمێکی تەندروستانەی خۆراک، دەکرێ ئاستی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن کەمبکەنەوە و بەوەش تەندروستی دڵتان بپارێزن

سەبارەت بەو سیستمە خۆراکییەی دەبێتەهۆی دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن، پزیشکان ده‌ڵێن : بە خواردنی بەرهەمەکانی دانەویڵەکان بە تویکڵەکانیانەوە، میوەکان و سەوزەکان، له‌گه‌ڵ زۆرتر به‌کارهێنانی رۆنە رووەکییەکان له‌ بری ڕۆنی ئاژه‌ڵی ئاژەڵییەکان.

پزیشکان ده‌ڵێن وازهێنان لە جگەرە دەبێ لە سەری سەرەوەی لیستی ئەرکەکانت بێ بۆ دووربوون لە جەڵتەی دڵ، چونکە جگەرەکێشان تووشبوون بە نەخۆشیی بۆڕییەکانی خوێنی دڵ دوو هێندە زیاددەکات.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌که‌ن هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان، چونکە ئەوەی لە جگەرە دووربکەوێتەوە، دوای دوو ساڵ مەترسیی تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ هاوشێوەی کەسێکە کە هەرگیز جگەرەی نەکێشاوە.

به‌ پێی ئاماره‌کان، له‌ ئێستادا ساڵانه‌ له‌ نێوان 17_18 ملیۆن که‌س به‌ نه‌خۆشیه‌کانی دڵ ده‌مرن، مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ 13 ساڵی دیکه‌ ژماره‌ی مردوان به‌ نه‌خۆشی دڵ زۆر زیاتر ببێ ئه‌گه‌ر جیهان به‌ باشی به‌ره‌نگاری نه‌خۆشیه‌که‌ نه‌بێته‌وه.

31% ی تێکڕای مردن له‌ جیهان هۆکاره‌که‌ی نه‌خۆشی دڵه‌، به‌ڵام له‌ ووڵاته‌ هه‌ژارو دواکه‌وتوه‌کان 37% تێکرای هۆکاره‌کانی مردن نه‌خۆشی دڵه.

پزیشکان ده‌ڵێن باشتره‌ بۆ نه‌خۆشانی دڵ زوو زوو پشکنینه‌کانیان دووباره‌ بکه‌نه‌وه‌ و چاره‌سه‌ریه‌کان به‌ باشی وه‌ربگرن تا بتوانن به‌ باشی کۆنترۆڵی نه‌خۆشیه‌که‌یان بکه‌ن.