ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاراس ئەمین

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە ئەو کەسانەی زۆر کارده‌که‌ن و، له‌ شه‌وو ڕۆژێکدا به‌رده‌وام به‌ کارکردنه‌وه‌ هیلاک و شه‌که‌ت ده‌بن ئەگەری تێکچوونی لێدانی دڵ و سەرەنجام تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک زیاترە .

توێژینه‌وه‌که‌ له‌ زانکۆی له‌نده‌ن ئه‌نجام دراوه‌ و دەریخستووە ئەو کەسانەی هەفتانە 55 کاژێر و زۆرتر کاردەکەن واته‌ جگه‌له‌ رۆژانی پشوو ڕۆژانه‌ 11 کاتژمێر کارده‌که‌ن، ئەگەری تووشبوونیان بە تێکچوونی لێدانەکانی دڵ بە راددەی 40% زیاددەکات، 

توێژه‌ران ده‌ڵێن ئەگەر ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ بەراورد بکەین بەو کەسانەی هەفتانە 35-40 کاژێر لە هەفتەیەکدا کاردەکەن. ئەوا ئه‌و کەسانە کە تووشی تێکچوونی لێدانەکانی دڵ دەبن، زۆرتر لە کەسانی ئاسایی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن،

توێژه‌ران ده‌ڵێن مه‌ترسی کارکردنی زۆر له‌ شه‌و ڕۆژدا کاریگه‌ریه‌کانی زیاتر له‌سسه‌ر به‌ته‌مه‌ن مه‌ترسی دارتره‌ .

توێژەران بەدواداچوونیان کردووە بۆ 85 هەزار کەس لە هەردوو رەگەز بۆ ماوەی 10 ساڵ و تێیدا ژمارەی کاتژێرەکانی کارکردن و هەمانکات تەندروستی دڵیان تۆمارکردوون.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت بۆ هەر 1000 کەس، زیادکردنی کاتژێرەکانی کارکردن وادەکات 5 حاڵەتی زیادی ناڕێک لێدانی دڵ تۆماربکرێن

لە توێژینەوەکەدا هەروەها دەرکەوتووە 90%ی حاڵەتەکانی تێکچوونی لێدانی دڵ لە کەسانێکدا بوون کە پێشووتر نەخۆشی دڵ و بۆڕییەکانی خوێنیان نەبووە، ئەوەش ئاماژەیە بە رۆڵی کارای زۆر کارکردن لە تێکدانی لێدانی دڵ.

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێن گەنجان و ئەوانەی جەستەیەکی تەواو تەندروستیان هەیە، پێویست ناکات بەم توێژینەوەیە تووشی دڵەڕاوکێ ببن، چونکە مەترسییەکە زۆرتر بۆ ئەوانەیە کە هۆکاری مەترسیداریان هەیە بۆ تێکچوونی تەندروستی دڵ و بۆڕییەکانی خوێنیان.

له‌ باره‌ی توێژینه‌وه‌که‌وه‌ دامەزراوەی دڵی بەریتانی دەڵێ پێویستمان به‌ توێژینه‌وه‌ی زیاتره‌ تا بیسه‌لمێن کارکردنی زۆر مه‌ترسی له‌سه‌ر دڵ دروست ده‌کات .

دامه‌زراوه‌ی ناوبراو ده‌لێ دەبێ توێژینەوەی زۆرتر بکه‌ین بۆ روونکردنەوەی پەیوەندی نێوان کارکردنی رۆژانە و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، چونکە لەم توێژینەوەیەدا ئەوە روون نییە ئاخۆ سرووشتی کاری کەسەکان هۆکاری تووشبوونیان بەو نەخۆشییە یان تەنیا ژمارەی کاتژێرەکانی کارکردن؟ چونکە هەندێک جۆری کار هەن لەگەڵ درێژی ماوەی ئەنجامدانیان، سرووشتەکەشیان وەهایە گوشار و ماندووبوونی زۆرتر درووستدەکەن و دوورنییە لێکەوتە نەرێنییەکەیان بەهۆی سرووشتی کارکردنه‌که‌وه‌ بێ نەک ماوەکەیان

به‌ پێی داتاکانی ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی ده‌بلیو ئێچ ئۆ نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری یەکەمی مردنن لە جیهاندا و ساڵانە نزیکەی 17 – 18 ملیۆن کەس بە نەخۆشی دڵ دەمرن، رێکخراوه‌که‌ پێشبینی ده‌کات تاکو ساڵی 2030 ژمارەکە بگاتە 23-24 ملیۆن حاڵەتی مردن به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه‌ ...