ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

د.عادل حوسێن

شەكری گلوكۆز سووتەمەنی یان وزەیە بۆ لەش لە هەر ئاستێكدا، لە فرمانە بنەرەتییەكانی خانەكانەوە بگرە تا دەگاتە جوولە و مەشقی فیزیكی توند. كەسانی تووشبوو بە بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن سوودی تەواو لە شەكری گلوكۆز وەرناگرن لەسەر هەموو ئاستەكانی فرمان و چاڵاكییەكانی لەش، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هۆرمۆنی ئینسولین Insulin لە توانایدا نییە كە بە دروستی شەكری خوێن كەم بكاتەوە و بیباتە ناو خانەكانی لەش، دەرەنجام لەش ناتوانێت كە شەكر بەكاربێنێت هەتا ئەگەری ئاستەكەی لە خوێندا زۆر بەرزبێتەوە، ئەمەش بە روونی لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرەدا بەدی دەكرێت، ئەمەش وا لە توشبووان دەكات كە بەردەاوم هەست بە برسیبوونی زۆر بكەن Polyphagia و ئارەزووی خواردنیان زیادبێت، ئینجا پاش خواردن لەبەر ئەوەی كە خانەكانی لەش بە دروستی سوود لە شەكر وەرناگرن، ئارەزووی خواردن و هەستكردن بە برسیبوون بەردەوام دەبێت. كە ئاستی شەكری خوێن بەردەوام بەرز دەمێنێتەوە ئەوا شەكری زیاد لە گورچیلە فڕێ دەدرێت، واتە لەش بە دروستی سوود لە وزە وەرناگرێت یان وزەی تەواو وەرناگرێت، بۆیە كێشی تووشبوو زیاد ناكات. ئەگەرچی زیادبوونی كێش و قەڵەوی پێوەندی بە نەخۆشی شەكرەوە هەیە، بەڵام كە شەكرە كۆنترۆل نەكرێت، ئەوا لەگەڵ زیاد خواردنیشدا كێشی لەش زیاد ناكات.