ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سترێس Stress ئێستا لەگەڵ ژیانی مۆدێرنی سەردەمدا مانای جیاواز هەڵدەگرێت، لەشی مرۆڤ بە گەلێك میكانیزم لە رێگای سستمی دەمار و هۆرمۆنەكانەوە مامەڵە لەگەڵ سترێسدا دەكات. بزوێنەرەكان لە مێشكدا هانی گلاندی پتیوتەری ژێر مێشك دەدەن بۆ دەردانی هۆرمۆنی جیاواز بۆ كاردانەوە بە شێوەی بەرەنگاربوونەوە یان لێ هەڵاتن Fight or flight. ئەم كاردانەوەیە بە شێوەیەكی سەرەكی بە هۆی 2 هۆرمۆن دێتە ئەنجام كە بریتین لە ئەدرینالین Adrenaline و كۆرتیزۆل Cortisol، نیشانەكانی ئەم كاردانەوەیە بریتین لە: بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، زیادبوونی لێشاوی خوێن بۆ مێشك و ماسوڵكەكان، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ و خێرابوونی سووڕی خوێن، زیادبوونی تێكڕای هەناسە بە مەبەستی دابینكردنی ئۆكسجینی زیاتر. سترێسی دەروونی ژیانی سەردەم لە ماوەی چەند خولەكێك یان چەند كاتژمێرێكدا سووك نابێت، بەڵكو لەش لە حاڵەتێكی بەردەوامی ژێر سترێسدا دەمێنێتەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێك تا چەند هەفتەیەك یان چەند مانگێك یان هەتا چەند ساڵێك، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر دەكاتە سەر فسیۆلۆژیی ئاسایی لەش، یەكێك لەم كاریگەرییانە بریتییە لە كۆبوونەوەی چەوری لە لەشدا، واتە زیادبوونی كێشی لەش. میكانیزمەكانی زیادبوونی كێش لەكاتی سترێسدا ئەمانەن: 

• گۆڕان لە حەز و خواست و بڕی خواردن و جۆری خۆراك بەتایبەتی لەگەڵ سترێسی درێژخایەن، بۆنموونە زیاد وەرگرتنی كالۆریی رۆژانە، هێوربوونەوە بە زیاد خواردنی خۆراكی شیرین و چەور و خۆراكی خێرا.

• كەمبوونەوەی ئاستی مەشقی فیزیكی لە كاتەكانی سترێسدا هۆكارێكی ترە بۆ زیادبوونی كێشی لەش. لە لایەكی ترەوە، تووشبوو بە سترێس ئەگەرچی لەبەر هەستكردن بە ماندووبوون پاڵنەری نییە بۆ مەشقی وەرزشی، بەڵام هەتا ئەگەر مەشقی وەرزشی ئەنجام بدات، ئەوا هەست دەكات كە هێز و لیاقە و بەرگەگرتنی نزمە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەرزی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل، هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، لەگەڵ كەمبوونەوەی بارستایی پەیكەرە ماسوڵكەكان.