ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوا لێكۆڵینەوە لە زانكۆی كالیفۆرنیا جەختی لەمە كردۆتەوە كە بۆنكردنی خۆراك كاریگەری دەكاتە سەر چۆنییەتی مامەڵەی لەش لەگەڵ خۆراكدا، بۆنی خۆراك فاكتەرێكی كاریگەرە كە وا لە لەش دەكات بڕیار بدات كالۆری بسووتێنێت یان كالۆری خەزن بكات. ئەمە روونە كە بۆنكردنی خۆراك ئارەزووی خواردن زیاد دەكات، واتە زیاتر خواردن و وەرگرتنی كالۆری زیاتر، دەرەنجام ئەگەر وزە سەرف نەكرێت ئەوا لەوانەیە كە كێشی لەش زیاد بكات. توێژەران گەیشتوونەتە ئەوەی كە پێوەندی هەیە لە نێوان سستمی بۆنكردن و سەنتەری رێكخستنی میتابۆلیزم لە مێشكدا، بەم گوێرە نەمانی هەستی بۆنكردن هاندەر دەبێت بۆ سووتاندنی خێراتری كالۆری و پێدەچێت هەستی بۆنكردن پەیوەست بێت بە خەزنكردنی چەوریی لەجیاتی سووتاندنی. بە ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانە، لەوانەیە كە لە ئاییندەدا گەلێك حاڵەت و نەخۆشیی پەیوەست بە ئارەزووی خواردن كۆنترۆل بكرێن، بۆ نموونە كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردنی پەیوەست بە نەخۆشیی پاركینسۆن Parkinsons و نەخۆشیی تر، هەروەها وەكو رێگایەك بۆ دابەزاندنی كێشی زیادی لەش. سستەمەكانی هەست لە لەشدا رۆڵیان لە میتابۆلیزمدا هەیە، زیادبوونی كێش بە تەنیا وەرگرتنی بڕی زیادی كالۆری نییە، بەڵكو پێوەندی هەیە بە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ وزەی لەشدا. پسپۆران دەڵێن كە ئەگەر ئەم مەسەلەیە لە مرۆڤدا لێكۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بكرێت، ئەوا لەوانەیە كە بتوانرێت دەرمانێك دروست بكرێت كە كار نەكاتە سەر هەستی بۆنكردن، بەڵكو ئەم ئەڵقانەی میتابۆلیزم Metabolic circuitry بلۆك بكات، بەمەشەوە دەتوانرێت كە كێشی لەش كۆنترۆل بكرێت.