ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئایا نیشانەكانی هەڵامەت لە هاویندا هەمان ئەو نیشانانەن كە لە هەڵامەتی زستاندا بەدی دەكرێن؟ بەگشتی لە رووی نیشانەكانەوە جیاوزییەكی بەرچاو نییە لە نێوان هەڵامەتی هاوین و هەڵامەتی زستاندا. زیاتر لە 200 جۆر ڤایرۆس هۆكارن بۆ هەڵامەت و دەبنە ئەگەری پژمین و كڕانەوەی قوڕگ، هەڵامەتی زستان و هەڵامەتی هاوین بەهۆی ڤایرۆسی جیاوازەوە دوچاری مرۆڤ دەبن، بۆ نموونە راینۆڤایرۆسەكان Rhinoviruses بە شێوەیەكی سەرەكی بەرپرسن لە هەڵامەتی وەرزی زستان، چونكە لەم وەرزەدا باشتر دەژین و گەشە دەكەن، ژمارەی ئەم ڤایرۆسانە لە مانگی ئەیلولدا بە خێرایی زیاد دەكات و لە مانگی مایسدا ژمارەیان دادەبەزێت. لە مانگەكانی هاویندا پرۆفایلی ڤایرۆسەكان دەگۆڕێت و بە شێوەیەكی سەرەكی ئینتیرۆڤایرۆسەكان Enteroviruses بەرپرسن لە تووشبوون بە هەڵامەتی هاوین كە زیاتر لە 60 جۆر ڤایرۆس دەگرێتەوە، بەڵام ئیفلیجی منداڵان ناگرێتەوە. هەڵامەتی هاوین بە هۆی ئینتیرۆڤایرۆسەكان دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەیەكی كتوپڕی پلەی گەرمی لەش كە لەوانەیە بگاتە 38-40 پلەی سێلسیەس، هاوكات لەگەڵ سەرئێشە، كڕانەوەی قوڕگ، ئازاری ماسوڵكە، هێڵنج یان رشانەوە، هەروەها چەند نیشانەیەكی سووكی تایبەت بە كۆئەندامی هەناسە. هەڵمەتی هاوین لە یەكێكی تووشبوو بۆ هەر كەسێك لە هەر تەمەنێك دەگوازرێتەوە، بەڵام منداڵ زیاتر دوچاری دەبن، گەورەكان كە جارێك تووشی دەبن ئەوا بەرگری پەیدا دەكەن بەرانبەر بە ڤایرۆسەكە. هەڵامەتی هاوین بەگشتی لە ماوەی چەند رۆژێك تا هەفتەیەك بەبێ بەكارهێنانی هیچ دەرمانێك لەخۆیەوە چاكدەبێتەوە.