ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كورتە فیلمی (فڕین-Frin) لەسیناریۆ‌و دەرهێنانی عەبدولوەهاب شوانی وەك تاكە فیلمی كوردی و عێراقی لەفێستڤاڵێكی نێودەوڵی كورتە فیلم لەوڵاتی ئەمریكا نمایشكرا.

لەبارەی فێستیڤاڵەكە دەرهێنەر عەبدولوەهاب شوانی وتی"كورتە فیلمی فڕین" (Frin) لە بەشی پێشبڕكێی فیستڤاڵی پایزی بۆ كورتە فیلم (Autumn shorts film festival)، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە(ویلایەتی كنتاكی) لە زانكۆی (سۆمەرسیت)، (Somerset community college) لەرۆژی 14ی ئەیلوول لەریزی پێنجەم فیلمی بەشی پێشبركێ‌ بۆ ئامادەبووان نمایش كرا".

وتیشی "كۆمەڵگەی كۆلیجی سۆمەرسیت، هەموو ساڵێك لەمانگی (9) بۆ سەرجەم فیلمسازانی ناوخۆی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و فیلمسازانی گشت جیهان ئەو فیستڤاڵە سازدەكات".

سەبارەت بەچیرۆكی فیلمەكەشی، شوانی ئاماژە بەوە دەكات "فیلمەكە باس لەدو قەناس بەدەستی پێشمەرگە و داعش دەكات، لەگەڵ كۆترێكی سپی كە ڕۆڵێگی گرنك دەبینێت وەك سیمبوڵیكی جیهانی". 

جەختیشی كردەوە "فیلمەكە لەو چیرۆكە راستەقینانە رەنگیداوەتەوە كە لەشەڕەكانی دژ بە تیرۆرستان رویانداوە، كە تیایدا پرسیارگەلێك لە زیهنی بینەر دروست دەكات و ناچار بە وەڵامی دەكات". 

ئەو ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمە چوارەم بەرهەمی ئەوە لەبواری سینەمادا‌و وتی " (فڕین)بەسپۆنسەری رێكخراوی (JKH) و (بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر) و لەبەرهەمهێنانی كۆمپانیای (سكای ئارت)ە". 

لەبارەی ئەكتەرەكانی فیلمەكەش ، عەبدولوەهاب شوانی وتی "لەفیلمەكەدا شاخەوان مستەفا رۆڵی پێشمەرگە و ئیبراهیم رەمەزان رۆڵی داعش بەرجەستە دەكات". 

سەبارەت بەستافی بەرهەمهێنانی فیلمەكەش، شوانی وتی "ئەم فیلمە لەوێنەگرتن و مونتاژی شوكری عەلی‌و سەرپەرشتی بەرهەم ئارین كوردی و لاوەند حەمەد و كاری دەنگ و موزیك لەلایەن توانا خاڵە حەمرین، ئەنجامدراوە". 

وتیشی "فیلمەكە لەمیحوەری خازر لەگوندی حەسەن شام وێنەگیراوە". 

عەبدولوەهاب شوانی، نوسەر و دەرهێنەر، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەكارگێڕی گشتی و بەڕێوەبەری كارگێڕی لەبەرێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر، نوسەرو سیناریستی یەكەم زنجیرە درامای منداڵان بەناوی (وانە) ساڵی (2012)، هەروەها دەرهێنەری هەر سێ‌ كورتە فیلمی (بیگەر، بەردەكانی سەر ڕێگە، مێگەل)، لەساڵی (2000) وە دەستی بەنوسین و كاری هونەری كردوە و دواكاریشی كورتە فیلمی (فڕین)ە.