ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ماوەیەكە لێكۆڵینەوەكان باس لە بوونی پێوەندی دەكەن لە نێوان رێژەی چەوریی لەش و تێكڕای بارستایی لەش لەگەڵ كاتی خواردن هاوكات لەگەڵ كاتژمێری بایۆلۆژیی لەشدا Circadian clock. زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی لە وڵاتە یەكگرتووەكاندا وەكو پەتا یان گرفتێكی ئاڵۆزی تەندروستی وەسف دەكرێت. لە دوا لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خۆراكی ناڕێك پێوەندی بەهێزی هەیە لەگەڵ زیادبوونی كێشی لەش و رێژەی بەرزی چەوریی لەش، بە هەمان شێوە خواردن لە كاتەكانی درەنگی شەودا فاكتەرێكی ریسكە بۆ زیادبوونی كێشی لەش. ئەمە روونكراوەتەوە كە پێوەندی هەیە لە نێوان تێكڕای بارستایی لەش BMI و كاتی خواردن و كاتژمێری بایۆلۆژیی لەشدا، هەروەها ئاستی هۆرمۆنی میلاتۆنین كە پێوەندی بە نووستن و بەئاگابوونەوە هەیە. توێژەران جەخت لەمە دەكەنەوە كە هەڵبژاردنی كاتی وەرگرتنی كالۆری بە گوێرەی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش لەوانەیە كە گرنگی بۆ تەندروستی زیاتر بێت لە كاتەكانی وەرگرتنی كالۆری لە رۆژ یان لە شەودا. هەروەها پسپۆران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە كەسانی خاوەن رێژەی بەرزی چەوریی لەش زیاتر لە درەنگانی شەودا خۆراك دەخۆن بە بەراورد لەگەڵ ئەو كەسانەی كە خاوەن رێژەیەكی نزمتری چەوریی لەشن.