ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ملیۆنان كەس بڕێكی زۆری تیشكی خۆریان بەردەكەوێت تەنیا لەوكاتەی كە لەناو ئۆتۆمبیلدان بێ ئەوەی كە دركی پێبكەن. چەندین ساڵە كە پسپۆرانی نەخۆشییەكانی پێست جەخت لەم بابەتە دەكەنەوە كە زیاد مانەوە لەناو ئۆتۆمبیلدا هۆكارە بۆ گەلێك گرفتی پێست وەكو ئەگەری زیاد لۆچبوونی پێست، وشكبوونی پێست، خاوبوون و شۆڕبوونی پێست، پنتە تاریكەكانی پێست كە پەیوەستن بە تەمەن Age spots، هەروەها شێرپەنجەی پێست. ئەم گرفتانە زیاتر دوچاری لای چەپی دەموچاوی شوفێرەكان دەبنەوە لەبەر زیاتر بەركەوتن بە تیشكی سەرووی وەنەوشویی جۆری UVA كە لە تیشكی خۆردایە و توانای بڕینی پەنجەرە یان جامەكانی ئۆتۆمبیلی هەیە. تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ناو تیشكی خۆر لە جۆری UVA كە شەپۆڵەكانی درێژن و جۆری UVB كە شەپۆڵەكانی كورتن هۆكارە بۆ نزیكەی 90% ی حاڵەتەكانی شێرپەنجەی پێست. بەگشتی شووشە رێگرە لە تێپەڕبوونی تیشكی جۆری UVB، جامی پێشەوەی ئۆتۆمبیل وا مامەڵەی لەگەڵدا كراوە كە رێگا لە تێپەڕبوونی تیشكی جۆری UVA بگرێت واتە رێگا لە تێپەڕبوونی هەر دوو جۆرەكی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەگرێت، بەڵام جامەكانی تەنیشت و پشتەوەی ئۆتۆمبیل رێگا لە تێپەڕبوونی تیشكی جۆری UVA ناگرن، بۆیە ئەمە روونكراوەتەوە كە لای چەپی سەر و مل و باسكی شوفێر 6 هێندەی لای راست تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بەردەكەوێت. بۆ خۆپاراستن، بەكارهێنانی ئاوێتەیەكی دژەهەتاو بۆ پێستی دەموچاو و مل و باسك و دەستەكان نیو كاتژمێر بەر لە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل لەگەڵ لەبەركردنی جلی بە قۆڵ و بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی پێویستن.