ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەزاران كەس لە سەرتاسەری جیهان بە دەست خەمۆكییەوە Depression دەناڵێنن بێ ئەوەی كە دركی پێبكەن، ئایا تۆ یەكێكی لەوان؟ لەوانەیە كە بە ئاسانی بەوە باوڕنەكەیت، بەڵام پێویستە ئەمە بزانرێت كە گەلێك كەس دوچاری خەمۆكیی قووڵ و سەخت بوونەتەوە بێ ئەوەی كە پێی بزانن. ئەو كەسانە حیساب بۆ هەستە نێگەتیڤەكانیان Negative feelings ناكەن كە بەردەوام لە مێشكیاندا دەخولێتەوە، بۆ نموونە تووڕەبوون، رقبوونەوە لە خود، بێزاری، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، ئازاری ماسوڵكە، خەوزڕان، لەوكاتەی كە ئەم نیشانانەپێوەندییان بە خەمۆكییەوە هەیە. هەندێك كەسی تووشبوو هەست بەوە دەكەن كە شتێكی نائاسایی لە ژیانیاندا هەیە بەڵام حیسابی بۆ ناكەن، هەندێك كەس بە ژیانێكی نامۆ یان (كوژاوە Off) باسی دەكەن، یان پێیان وایە كە هەموو شتێك بە پێچەوانەی ئاراستەی ئاسایی گوزەر دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەجیاتی لێپَچینەوە و بەدواداچوون، ژیان دەكەن و خۆیان لەگەڵ هەموو نیشانەكان دەگونجێنن و درك بە خەمۆكییەكەیان ناكەن. ئەو تووشبووانە هەستە نەرێنییەكانیان بە هەند هەڵناگرن، بێزاری و خەمەكانیان دەشارنەوە، سترێس بە پەستی دادەپۆشن، دەرەنجام پەستی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نیشانە جەستەییەكان لەوكاتەی كە خەمۆكی لە ناخییانەوە خۆی حەشارداوە كە گەلێك جار بە شێوەی هەستكردن بە ناڕحەتی و بەرە بەرە تووشبوون بە نائومێدی یان بێ هیوایی زەق دەبێتەوە.