ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیزۆفرینیا Schizophrenia گرفتێكی درێژخایەنی مێشكە و بریتییە لە نەمانی پێوەندی نێوان هزر و سۆز و رەفتار، لەگەڵ كردار و هەستی نەگونجاو و دووركەوتنەوە لە واقیع شان بە شانی فەنتازیا و شتی وەهمی لەگەڵ پارچەبوونی هزر. شیزۆفرینیا حاڵەتێكی ئاڵۆزە، ئەمەش بۆ وایكردووە كە خەڵك رای جیاوازی سەبارەت بە نەخۆشییەكە هەبێت، بۆ نموونە شیزۆفرینیا هەرگیز بە مانای دووكەسێتی Split personality یان فرەكەسێتی Multiple-personality نییە، هەورەها زۆربەی تووشبووان بە شیزۆفرینیا مەترسیدار و توندوتیژ نین، بێ ماڵ و دەربەدەریش نین و و بەردەوامیش لە نەخۆشخانە دەروونییەكاندا نابن، زۆربەی تووشبوون بە شیزۆفرینیا لەگەڵ خێزانەكانیاندا دەژین. شیزۆفرینیا بە یەكسانی دوچاری ئافرەت و پیاو دەبێت، بەڵام لەوانەیە كە نیشانەكان لە پیاودا زووتر سەرهەڵبدەن و بە دەگمەن لە منداڵ و نەوجەواناندا دەستنیشان دەكرێت. هۆكاری بۆماوە و هۆكارەكانی دەوروبەر رۆڵی گەورەیان هەیە لە تووشبووندا، هەروەها سترێسەكانی ژیانیش رۆڵیان هەیە. نیشانەكان بە نۆرە توند و سووك دەبن، لەكاتی چاڵابوونی نەخۆشییەكەدا تووشبوو توانای جیاكردنەوەی ریالیتی(واقیع) و ناریالیتی نامێنێت. ماوە و توندیی نیشانەكان لە تووشبووێكەوە بۆ تووشبووێكی تر جیاوازن، گرنگترین نیشانەكان بریتین لە: بیستنی دەنگ و هەلوەسە Hallucinations، شتی وەهمی Delusions، نەمانی پاڵنەر Motivation، تێكچوونی لۆجیك و شێوەی بیركردنەوە و قسەكردن، گرفت لە فێربوون و بیرهاتنەوەدا، گرفت لە تێبینیكردن و سەرنجدان، جوولە و رەفتاری نائاسایی. نیشانەكان لە سەرەتای تەمەنی پێگەیشتن بەتایبەتی لەپاش تەمەنی 20 ساڵیدا سەرهەڵدەدەن، هەندێك جار تا تەمەنی 30 ساڵی ئینجا نیشانەكان دەردەكەون. سەرەتا نیشانەكان بە شێوەی تێكچوونی پێوەندییەكان و گرفت لە قوتابخانەدا دەستپێدەكەن.