ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گواستنەوەی سی Lung Transplant دوا هەڵبژاردەیە بۆ چارەسەركردنی لەكاركەوتنی سییەكان. ئەوهۆكارانەی كە دەبنە هۆی تێكدانی بەرچاوی شانەی سییەكان بریتین: نەخۆشییە درێژخایەنەكانی كۆئەندامی هەناسە COPD، كیسە ریشاڵبوون Cystic fibrosis، تێكچوون و فراوانبوونی سیكڵدانۆچكەكان Emphysema، ریشاڵبوونی سییەكان Pulmonary fibrosis، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنبەرەكانی سییەكان Pulmonary hypertension. لەكاتی نەشتەرگەریدا، نەخۆش دەخرێتە سەر دەزگای سی و دڵ heart-lung machine كە خوێنی ئۆكسجینكراو دەگەیەنێتە هەموو بەشەكانی لەش، پاشان سییە كۆنەكە لادەبرێت و سییە نوێیە گوازراوەكە لە شوێنیدا دادەنرێت و بە بۆڕی هەناسە و بۆڕییەكانی خوێندا دەبەسترێتەوە. ئینجا پاش ئەوەی كە سییە نوێیەكە دەكەوێتە كار، نەخۆش بە تێكڕایی بۆ ماوەی 2 هەفتە لە نەخۆشخانەدا دەمێنێتەوە، سەرەتا لە ژووری یان یەكەی چاودێری چڕدا ICU، پاشان بۆ یەكەی تایبەت بە گواستنەوەی ئەندامەكان دەگوازرێتەوە. بە تێكڕایی گواستنەوەی یەك سی 4-8 كاتژمێر دەخایەنێت، گواستنەوەی هەر دوو سییەكان بەیەكەوە 12 كاتژمێر دەخایەنێت. گواستنەوەی سییەكان نەشتەرگەییەكی گەورەیە كە هەرگیز لە ئاڵۆزی و ریسكەكانی نەشتەرگەری بەدەر نییە. رەتكردنەوەی ئەندام Organ rejection گرفتە گەورەكەی گواستنەوەی سییەكانە كە سستمی بەرگری لەش پەلاماری سییە گوازراوەكە دەدات، گەلێك جار رەتكردنەوەی سەخت دەبێتە هۆی لەكاركەوتنی یان تێكشكانی سییە گوازراوەكە. ریسكەكانی تر بریتین لە: زیانە لابەلاكانی بەكارهێنانی دەرمانی دژی رەتكردنەوە بەتایبەتی كە بەرگری لەش بە سەختی نزم دەكەنەوە، ئەمەش ئەگەری هەوكردنەكان زیاد دەكات، خوێنبەربوون و مەیینی خوێن، نەخۆشی شەكرە، گرفت لە گوچیلەدا، گرفت لە گەدەدا، پوكانەوەی ئێسك.