ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەكارهێنانی دەرمانی بەسەرچوو لەوانەیە كە مەترسیدار بێت بۆ تەندروستی. مەسەلەی دەرمانی بەسەرچوو لە خۆراكی بەسەرچوو زۆر ئاڵۆزترە. بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی كە بەبێ راچێتەی دكتۆر دەفرۆشرێن وەكو دەرمانی دژەئازار كە بەسەردەچن ئەگەرچی زیانێكی ئەوتۆی تەندروستیشیان نەبێت، بەڵام بێگومان كاریگەرییەكەیان یان سوودەكەیان كەم دەبێتەوە. دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو نەخۆشییەكانی دڵ، پەركەم(فی)، هەستەوەری توند، هەروەها نەخۆشی درێژخایەنی كۆئەندامی هەناسە، ئەگەر ئێكسپایەر بن ئەوا بەكارهێنانیان مەترسییە بۆ تەندروستی. پاش كردنەوەی قوتووی دەنكی نایترۆگلیسرین كە بۆ بن زمان بەكاردێت بۆ سینگەكوژێ، بەرە بەرە كاریگەرییەكەی كەم دەبێتەوە، بۆیە هەرگیز نابێت كە لە پاش بەرواری بەسەرچوون بەكارهێنرێت. بە هەمان شێوە دەرزی ئینسولین پاش بەرواری بەسەرچوون هیچ كاریگەری نامێنێت، هەروەها بە گوێرەی دەرمانەكانی دیگۆكسین Digoxin، دەرمانی دژەپەركەم، دەنكی رێگری لە دووگیانی(حەبی مەنع). بەخاخ Inhalers كە بۆ نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و هەستەوەری بەكاردێن، كە ئێكسپایەر دەبن نەك هەر كاریگەرییان نابێت، بەڵكو بەكارهێنانیان مەترسیدارە. بەكارهێنانی دڵۆپی چاو كە ئێكسپایەر بووبێت، لەوانەیە كە ببێتە هۆی گەشەكردنی بەكتریا و هەوكردنی مەترسیداری چاو.