ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەرمبوونی گۆی زەوی Global Warming جگە لەوەی كە هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی خۆراك، تێكچوونی كەش، هۆكارە بۆگەلێك نەخۆشی وەكو: خۆربردن، وشكبوونەوە یان كەمبوونەوەی شلەی لەش، توندبوونی نیشانەكانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان، پیسبوونی ئاو كە ئەگەری گەلێك نەخۆشی زیاد دەكات، هەروەها زیادبوونی ئەگەری كارەساتە سروشتییەكانی وەكو سووتانی دارستان و لافاو و باهۆز و گەردەلوول. ئەگەر پلەی گەرمی زۆر بەرز Extreme heat هاوكات بێت لەگەڵ رێژەی بەرزی شێداریی هەوا بۆ ماوەی چەند رۆژێك وەكو شەپۆڵی گەرما بەردەوام بێت و پلەی گەرمی لەكاتی شەودا دانەبەزێت، ئەوا مەترسی زۆر دەخاتە سەر تەندروستی مرۆڤ و لەوانەیە كوشندە بێت. ئاكامێكی تری گەرمبوونی زەوی بریتییە لە خراپبوونی كوالیتی هەوا لەبەر 3 هۆكاری سەرەكی كە بریتین لە تیشكی خۆر، هەوای گەرم، لەگەڵ پیسبوونی هەوا كە لە دەستكردی خودی مرۆڤە و ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی زیاد دەكات و نیشانەكانی نەخۆشی دڵ و كۆئەندامی هەناسە بەتایبەتی رەبو توندتر دەكات. گەرمبوونی هەوا و رێژەی بەرزی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن لە هەوادا هاندەرن بۆ زیادبوونی ئەو ماددانەی كە هۆكارن بۆ پەیدابوونی هەستەوەری Allergens . پسپۆران جەخت دەكەنەوە كە گەرمبوونی زەوی ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەكان زیاتر دەكات هاوكات لەگەڵ زیادبوونی مێرووەكان، هەروەها گەرمبوونی ئاوی دەریا و رووی ئاوەكانی تر ئەگەری پەتای كۆلێرا زیاد دەكەن لەگەڵ زیادبوونی بەكتریای زیانبەخش كە زیان بە خۆراكی دەریایی دەگەیەنێت.