ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەگەرچی بۆكسێن یان مشتەكۆڵە Boxing یارییەكی كۆن و نێودەوڵەتییە، بەڵام هێشتا هەندێك رێكخراو و ناوەند دژی دەوەستن و بە كوشتنێكی رێگەپێدراو ناوزەدی دەكەن، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی بۆكسێن بۆ ناوچەی سەر یان مێشك، محەمەد عەلی كلای یەكێكە لە نموونەكان. لە لایەنی پزیشكییەوە، ئەمە هیچ گومانێكی تێدا نییە كە بۆكسێن واتە زەبر بۆ مێشك كە ئەگەر زوو و بە دروستی چارەسەر نەكرێت لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری مردن. زەبری بۆكس بۆ ناوچەی سەر یان مێشك لە 75%ی حاڵەتەكاندا دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی تیژی خوێنی مەییو لەناو مێشكدا Hematoma كە هۆكاری یەكەمە بۆ مردنی وەرزشوانانی بۆكسێن. لێدانی بۆكسێكی راستەوخۆ بۆ ناوچەی سەر بەتایبەتی كە دەبێتە هۆی كەوتنی وەرزشوان Knock-out blow یان چەند بۆكسێك بۆ هەمان شوێنی سەر، هۆكارە بۆ خوێنبەربوون یان كۆبوونەوەی خوێنی مەییو لە نێوان پەردەی مێشك و شانەكانی مێشكدا. ئەمەش فشار دەخاتە سەر شانەكانی مێشك و دەبێتە ئەگەری سەرهەڵدانی نیشانەكان. هەروەها بۆكسی راستەوخۆ بۆ ناوچەی سەر دەبێتە هۆی تەكانی مێشك Concussion كە نیشانەكانی بریتین لە سەرئێشە، سەرسووڕان لەگەڵ هێڵنج یان رشانەوە، ئەگەرچی مەرج نییە كە ئەم نیشانانە لەكاتی پێشبڕكێدا رووبدەن، بەڵام پاشان لە كاتی جیاوازدا سەرهەڵدەدەن. كاریگەرییە هەمیشەییەكانی بۆكسێن كە بە درێژایی تەمەن بەردەوام دەبن بریتین لە: كزبوونێكی گشتیی فرمانەكانی مێشك، لەبیرچوونەوە، هەروەها كەمبوونەوەی كارامەیی. جگە لەمانە، نزیكەی 15-40% لە وەرزشوانە خانەنشینەكانی بۆكسێن دوچاری نیشانەكانی هاوشێوەی نەخۆشی ئەلزهایمەر Alzheimer's دەبنەوە.