ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

داڕووشان، سەوەفان یان سووانی جومگە Osteoarthritis باوترین جۆری هەوكردنی جومگەیە و بریتییە لە درز یان قڵیشانی ئەو كڕكڕاگەیەی كە كۆتایی ئێسكی ناو جومگە دادەپۆشێت، ئەمەش دەبێتە ئەگەری هەوكردن، ئازار، سخبوون و گرفت لە جوولەی جومگەدا. سەوەفان زیاتر روودەدات لە جومگەكانی ئەژنۆ، نێك، دەست، لەگەڵ بڕبڕەكانی مل و پشت. تا ئێستا چارەسەری یەكجارەكی یان چاكبوونەوەی تەواو بۆ سووانی جومگە لەبەر دەستدا نییە، هەموو رێگاكانی چارەسەركردن تەنیا بریتین لە كەمكردنەوە و سووككردنی نیشانەكان، یەكێك لەم رێگایانە بریتییە لە دەرزی ستیرۆیدی وەكو كیناكۆرت Kenacort راستەوخۆ بۆ جومگە بەتایبەتی بۆ جومگەی ئەژنۆ كە رۆڵی هەیە بۆ سووككردنی ئازار، بەڵام لەوانەیە كە زیانی لە سوودەكەی زیاتر بێت و حاڵەتەكە ئاڵۆزتر بكات. بە پێی لێكۆڵینەوەكان، دەرزی ستیرۆیدی Steroid راستەوخۆ بۆ چارەسەركردنی سووان یان سەوەفانی جومگەی ئەژنۆ سوودێكی ئەوتۆی نییە. ئەگەرچی زۆر جار دەرزی راستەوخۆی ئەژنۆ هەر 3 مانگ جارێك بە مەبەستی سووككردنی نیشانەكانی سەوەفانی ئەژنۆ بەكاردێت، بەڵام لەوانەیە كە هیچ لە حاڵەتەكە و توندیی نیشانەكان نەگۆڕێت. توێژەرەكان ئەمەشیان روونكردۆتەوە كە دەرزی ستیرۆیدی بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە ئەگەری بچووكبوونەوەی قەبارەی كڕكڕاگەی ئێسك، بۆیە ئێستا زۆربەی پسپۆران لەگەڵ بەكارهێنانی دەرزی ستیرۆیدی بۆ حاڵەتەكانی سووانی جومگەی ئەژنۆ دانین.