ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەوە روونە كە قاوە سوودی تەندروستی هەیە، بەڵام ئایا دەزانی كە خواردنەوەی قاوە رۆژانە و بە بەردەوامی پێوەندی بە بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆلەوە هەیە. خودی قاوە هیچ كۆلیستیرۆل لەخۆناگرێت، بەڵام كاریگەری دەكاتە سەر شێوەی دروستكردنی كۆلیستیرۆل لە لایەن لەشەوە. قاوە بە شێوەیكی سروشتی چەوری لەخۆدەگرێت، چەورییەكانی قاوە بریتین لە ئاوێتەی كافیستۆل Cafestol و كاهویۆل Kahweol، كافیستۆل زیاتر لە كاهویۆل هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆل. رێژەی كافیستۆل دەگۆڕێ بە گوێرەی چۆنییەتی ئامادەكردن و مامەڵەكردن لەگەڵ قاوەدا، لە راستیدا ئاوێتەی كافیستۆل بەهێزترین هۆكاری خۆراكییە كە دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆل. قاوەی كافاتیرێ Cafetiere یان پرێس كۆفی فەرەنسی French press coffee، قاوەی توركی Turkish coffee، قاوەی ئەسكەندەناڤی Scandinavian brew، لەگەڵ قاوەی ئێسپرێسۆ Espresso بەرزترین رێژەی كافیستۆل لەخۆدەگرن و ئاستی كۆلیستیرۆل بەرزدەكەنەوە، بۆنموونە خواردنەوەی 5 كوپ قاوەی پرێسی فەرەنسی 30 ملگم كافیستۆل لە خۆدەگرێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆل بۆ 6-8% زیاد دەكات. فلتەركردنی قاوە بە هۆی كاغەزی فلتەركردن Paper filter رێگایەكی كاریگەرە بۆ لابردن یان جیاكردنەوەی كافیستۆل لە قاوە. قاوەی بێ كافائین Decaffeinated coffee یان لابردنی كافائین لە قاوەدا نابێتە هۆی لابردنی كافیستۆل. پێویستە لەسەر ئەو كەسانەی كە بەردەوام بڕی زیادی قاوە دەخۆنەوە، ناوە ناوە پشكنینی خوێن بۆ كۆلیستیرۆل ئەنجام بدەن.