ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەگەڵ چوون بۆ شوێنی بەرز توانای لەش بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ كەمی ئۆكسجین و زیادبوونی پەستانی هەوا كەم دەبێتەوە، ئەمەش بە گرفتی بەرزایی Altitude sickness یان گرفتی چیا Mountain sickness ناوزەد دەكرێت كە نیشانەكانی بریتین لە سەرئێشە، هێڵنج، رشانەوە، هەستكردن بە بێهێزی و هیلاكی، شێوان لە جوولەی هەماهەنگی نێوان ماسوڵكەكانی لەش Coordination، خەوزڕان، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، سەرسووڕان. ئەم گرفتە هەندێك جار توندتر دەبێت و ژیان دەخاتە مەترسییەوە بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بە خێرایی بۆ شوێنی بەرز سەردەكەون، چونكە لێرەدا ئاو لە سییەكان و مێشكدا كۆدەبێتەوە كە ئەم نیشانانەی لێدەكەوێتەوە: هەناسەتەنگی، دڵەكوتێ، ناڕحەتی، شین هەڵگەڕانی نینۆك و پێست Cyanosis لەبەر كەمی ئۆكسجین لە لەشدا، نۆرەی كۆكەی یەك لە دوای یەك لەبەر كۆبوونەوەی شلە لە سییەكاندا لەگەڵ دەردراوی كەفاوی كە هەندێك جار خوێنی لەگەڵدایە، لەدەستدانی توانا بۆ وەستان یان دانیشتن بە شێوەیەكی دروست. نیشانەكانی گرفتی بەرزایی پاش مانەوە لە بەرزایی 2000 مەتر بۆ ماوەی 4 كاتژمێر یان زیاتر ئینجا سەرهەڵدەدەن، لە بەرزایی زیاتر لە 2500 مەتردا ئەگەری سەرئێشە و رشانەوە زیاتر دەبێت. لەبەر هۆكاری نەزانراو، پیاو زیاتر لە ئافرەت دوچاری ئەم گرفتە دەبێت.