ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حاڵەتی پێش شەكرە Prediabetes واتە بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن كە نەگەیشتبێتە سنووری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی كلینیكی، یان هێشتا نەبووبێتە نەخۆشیی شەكرە. چەندین لێكۆڵینەوە جەختیان كردۆتەوە كە مەترسییەكان و ئەگەری ئاڵۆزییەكانی حاڵەتی پێش شەكرە هەمان ئەو مەترسییانەن كە رووبەڕووی نەخۆشیی شەكرە دەبنەوە لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی دڵ، جەڵتە، نەخۆشییەكانی چاو، نەخۆشیی گورچیلە، شێرپەنجە..تاد. حاڵەتی پێش شەكرە بەوە پێناسە دەكرێت كە ئاستی شەكری خوێن لە خورینی لە نێوان 100-125 ملگم/دێسلیتر دا بێت. هەندێك سەرچاوە دەڵێن كە حاڵەتی پێش شەكرە وەكو رەنگی زەردی لایتی ترافیك وایە، واتە ئامادەباشی راستەقینە بۆ تووشبوون بە شەكرە، ئاماژە بەمەش كراوە كە دەتوانرێت رێگا لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە بگیرێت بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك و حاڵەتەكە بە تەواوی پێچەوانە بێتەوە. هەندێك سەرچاوەی نوێتری پزیشكی ئاماژە بەوە دەكەن كە حاڵەتی پێش شەكرە لایتی سوورە و نیشانەی بوونی مەترسییەكی راستەقینەی تەندروستییە. نزیكەی 70%ی حاڵەتەكانی پێش شەكرە پەرەدەسێنن بۆ نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم كە ئاستی شەكری خوێن لە خورینی دەبێتە 125 ملگم/دێسیلیتر یان بەرزتر، بەڵام پاش ئەوەی كە زیان بە چەند بەشێكی گرنگی لەش گەیشتووە. لێرەدا ئەمە دەردەكەوێت كە مەترسی و ئاڵۆزییە تەندروستییەكانی حاڵەتی پێش شەكرە وەكو نەخۆشیی شەكرە وان، بە مانایەكی تر لەوانەیە كە چەند ئاڵۆزییەك لە لەشدا روویدا بێت پێش ئەوەی كە حاڵەتەكە بۆ نەخۆشیی شەكرە پەرە بسەنێت