ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

د.عادل حسین

بەگشتی پسپۆران رێنمایی ئەوە دەكەن كە پلەی گەرمی ژووری نووستن لە نێوان 15.5- 19.4 پلەی سێلسیەس(پلەی سەدی یان سانتیگراد) بێت. لەكاتی نووستندا پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت، ئەگەر ژووری نووستنت فێنك بێت ئەوا ئاسانتر دەچیتە خەوەوە. ئەگەر بە فێنككردنی ژوور هێشتا گرفتت هەبوو لە چوونە خەو، ئەوا پێویستە كە پێیەكانت گەرم داپۆشیت یان گۆرەوی لەبەربكەیت، ئەمە هاندەرە بۆ خێرا فراوانبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن و رێكخستنەوەی تێرمۆستاتی ناوەوەی لەش Internal thermostat. لەسەر جێگای نووستن و پێش چوونە خەو، لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرمی لەش كە هاندەرە بۆ خەوێكی قووڵ و بەردەوام، ئەگەر پلەی گەرمی ژووری نووستن لە دەوری 18.3 پلەی سەدیدا بێت ئەوا چوونە خەو خێراتر و ئاسانتر دەبێت و كوالیتی خەویش باشتر دەبێت، هەر بۆیەشە كە خواردنی ژەمی گەورەی خۆراك و چاڵاكیی فیزیكی لە نزیك كاتی نووستندا گرفت بۆ چوونە خەو پەیدادەكات چونكە دەبنە رێگر لەبەردەم دابەزینی سروشتی پلەی گەرمی لەش. ئەمەش روونكراوەتەوە كە كەسانی تووشبوو بە خەوزڕان لە ژوورێكی فێنكدا باشتر دەخەون. بۆ خەوێكی دروست پەیڕەوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكە: باشترین پلەی گەرمی ژووری نووستن بریتییە لە 18.5 پلەی سەدی و واباشە كە بە درێژایی كاتی نووستن بە نەگۆڕی بمێنێتەوە، پلەی گەرمی ژوور نزمتر لە 12.2 پلەس سەدی و بەرزتر لە 23.8 پلەی سەدی خەو تێكدەدات، بۆ حەسانەوە و خەوێكی ئارام و دروست واباشە كە ژووری نووستنت وەكو ئەشكەوت فێنك و هێمن و تاریك بێت، بە شێوەیەكی تر دەتوانیت كە پلەی گەرمی ژووری نووستنت وا رێكبخەیت بە مەرجێك لەش لەبەر سەرما نەلەرزێت و لەبەر گەرما ئارەقە نەكات