ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیراز جەلالی شانۆكار لەساڵی 1989 لە شاری سلێمانی لەدایكبووەو ئێستاش لەهەمان شار درێژە بەژیان دەدات و خەریكی كاری سینەماو شانۆیە، بۆیە ماڵپەری رێگای كوردستان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامدا..

 

دیمانە/ رابەر مەغدید

 

-هونەری سینەماو شانۆ لای شیراز چی دەگەیەنێت؟

+سینەماو شانۆ بەشێكە لە ژیانم، ئەوە خەونی منداڵیم بوو، چونكە شانۆ یەكێكە لە هونەرە بەرزەكان كە دەتوانێت هەموو پەیامێك بەگەیەنێتە بینەر، پێگەیەكی گەورەی هەیە لەجیهاندا، بەڵام بەداخەوە لەوڵاتی ئێمە بەگرنگیەكەی بایەخی پێنادرێت، بەو هیوایەم ئێمەش وەكو وڵاتانی تر جیهان سینەماو شانۆمان لەلا گرنگ بێت.

-لە كەیەوە چوویە نێو بواری سینەماو شانۆ؟ بۆچی ئەو بوارەت هەڵبژارد؟

+من بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت دەتوانم بڵێم تەواو لەگەڵ شانۆو سینەما تێكەڵ بوومە، بەڵام پێشتریش جار جارە بەشداریم كردووە، بەڵام دەرنەكەوتووم، وەكو ئاماژەم پێدا هەر لەمنداڵیەوە حەزو ئارەزووم، بۆ كاری شانۆ و سینەما هەبووە، هەستم كرد توانام هەیە خۆم لەم بوارە بدەم، تاوەكو ئێستاش هاوڕێیانم و دەوروبەرم لەكارەكانم رازین.

-ئایا سینەماو شانۆ لە كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

+زۆر بەداخەوە لە ئێستادا سینەماو شانۆ لە ئاستێكی لاوازدایە، بەرای من ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بایەخ و گرنگیەكی زۆری پێ نادرێت لەلایەن حكومەتەوە، نەبوونی هۆلێكی گەورەو گونجاو و لاوازی ئاستی رۆشنبیری لەلایەن بەشێك لەهاونیشتمانیان ئەمانە هەموو هۆكارن بۆ ئەوەی خەڵك لەشانۆ و سینەما دوور بكەوێتەوە.

-بەشداری چەند كاری سینەمای و شانۆت كردووە؟

+لەسەرەتا ئاماژەم پێدا ماوەیەكی كورتە دەستم پێكردووە، بەڵام یەكەمین كارم لە كورتە فلیمێكی سینەماییە، بەڵام ئەكتەرەی سەرەكی نیم، بەو هیوایەشم لەكارەكانی داهاتوو بتوانم رۆڵی سەرەكی بگێڕم و لە ئێستاشدا خەریكی پرۆژەیەكی نوێم.

-كێ‌ هاندەرت بووە لە پێگەیاندن و بەردەوام بونت لەم بوارانە؟

+هەرگیز نامەوێت رۆڵی هاوسەرەكەم لەبیر بكەم، چونكە توانیویەتی گەورەترین خەونی من بەدیبهێنێت و هەمیشە پاڵپشتم بووە لەكارەكانم و سەركەوتنەكانی خۆم لەچاوی ئەوەوە دەبینم.

-خانەوادە چ رۆڵێكی هەیە لە پێگەیاندنی هونەرمەند؟

+بەڵی بێگومان خانەوادە رۆلێكی سەرەكی هەیە بۆ پێگەیاندنی هونەرمەند، چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت لەكارێكدا سەركەوتوو بێت، ئەگەر كەسێك یاخود كۆمەڵێك كەس لەدواوەی نەبێت.

--تا چەند سوودت لەكارە كۆن و فۆلكلۆرییەكان وەرگرتووە؟

+كارە كۆن و فۆلكۆرییەكان گەنجینەی هونەری كوردین، دەتوانم بڵێم هەموو هونەرمەندێك دەبێت سود لەم كارانەی پێشو وەربگرێ، چونكە ئەمە یەكەمین هەنگاوە بۆ ئەوەی بەرەو كاری هونەری بڕۆیت.

-هونەرمەندە لاوەكان چۆن دەتوانن سوود لە ئەزموونی هونەرمەندانی پێش خۆیان وەربگرن؟

+دەتوانن بەشێوەیەك سودمەندبن كە سود لە ئەزموونی هونەری ئەوانەوە وەربگرن و ببێتە رێگایە بۆ ئەوەی كارەكانت بەشێوەیەكی باش هەڵبسەنگێنرێت و خۆی قول بكاتەوە لەلایەنی پراكتیكی لەو بوارەدا.

-كلتور تاچەند رێگر بووە لەبەردەم كارەكانت؟

+پرسیارێكی جوان و گرنگە، خۆی لەخۆیدا لەكۆمەڵگای ئێمە كلتور بۆتە رێگر بۆ زۆربەی كارە هونەریەكان بەتایبەت لەلایەن ئافرەتانەوە، بەڵام خۆشبەختانە نەم هێشتووە كلتور ببێتە رێگر لەبەردەم كارەكانمدا.

-ئەوەی بزانین تۆ حەز لە بواری وێنەگرتنیش دەكەیت، ئەمە حەزە یاخود حەز بەو پیشەیش دەكەیت؟

+بەپێكەنینەوە.. بەراستی زۆر حەز بەوێنەگرتن دەكەم، هەركاتێك دەرفەتم هەبێت، بەفیرۆی نادەم و ئەگەر بەتەنهاش بم ئەوا سێلفیەك دەگرم، ئەوەش حەزێكی خۆمە وێنەگرتن لەلای من زۆر خۆشەویستە.

-وەرزش كردن بۆ ئافرەت تا چەند گرنگە بەرای بەڕێزتانەوە؟

+بێگومان وەرزشكردن زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی كاری هونەری دەكەن، چ لەرووی تەندروستیەوە بێت لەهەمان كاتیشدا هۆكارێكە بۆ هێشتنەوەی لەش و لارێكی رێك.

-هاندەری كام یاریزان و یانەی لەجیهان؟

+بەراستی زۆر سەیری تیڤی ناكەم بۆ بینینی یاری، بەڵام ئەوەی كە لەتۆڕە كۆمەڵاتیەكان و وێب سایتەكانەوە دەیبینم، زۆر بە لیۆنێل مێسی یاریزانی بارسێلۆنا سەرسامم.