ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هونەرمەندی پەیكەرساز سامان هیدایەت، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی شاری هەولێرە، وێڕای حەز‌و خولیای بۆ كارەكەی، بەر لەوەی بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا ئۆغربكات، لە باشووری كوردستان چەندین بەرهەمی جوانی پەیكەرسازی دروستكردووە، دوای تێكچوونی باری ئابووری و سیاسی لە كوردستان، ناوبراو وەك كۆمەڵێك خەڵكی تر وڵات جێدەهێڵێت ‌و لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شاری مۆنهایم وەك پەنابەر دەمێنێتەوە، بەڵام بێ‌ ماڵ‌و دوور لە سۆزی وڵات رێگرنەبووە لە بەردەم ناوبراو بۆ ئەوەی كارەكەی بیرباتەوە، بە پێچەوانەوە هەر لە رۆژی گەیشتنی بەو شارە كۆمەڵێك بەرهەمی ناوازەی نیشانی هونەرمەند‌و هونەردۆستانی ئەو وڵاتی داوە، چەند رۆژێك بەر لە ئەمڕۆ لە هەمان ئەو شارەی لێی نیشتەجێیە پەردەی لەسەر دوایین كاری خۆی لادا.

ماڵپەڕی رێگای كوردستان بە كورتی چەند پرسیارێكی لە هونەرمەندی سامان دەكات،ماوەی چەندە لەو شارە نیشتەجێی‌و، چۆن توانیت ئاشنایەتی لەگەڵا هونەردۆستانی ئێرە پەیدا بكەی‌و، جگە لەو بەرهەمە چ بەرهەمێكی ترت لەو شارە دروستكردووە؟

ئا: هێڤا هێرش

سامان هیدایەتی هونەرمەندیش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە: ماوەی دووساڵە لەشاری مۆنهایم نیشتەجێ بووینە وەكو پەنابەر ،ئەوەی راستی بێت من لەرێگەی خاتوو تارا شەوكەت-ەوە بەهونەرمەندو هونەر دۆستانی شاری مۆنهایم ئاشنا بووم ، هەرئەویش پاڵپشت وهاوكاری پرۆژەكەی ئێمە بوو .چەند كارێكم بەرۆژنامەو كەرستەی فڕێدراو دروست كردو كردمە دیاری بۆفێرگەی زمانی ئەڵمانی وپەرتووكخانەی شارەكەمان ورێكخراوی بیراتۆنگ سینترۆم ، پەیكەرێكی بیتهۆڤنیشم بەبۆرەك بۆفێرگەی هونەری مۆنهایم دروست كردو، پۆرترێتێك بۆخاتووكڵاودیا رۆت جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیاولەناوپەرلەمان پێشكەشم كرد، هەروەها پۆرترێتێكیش بۆئەنگێلا مێركل وهێشتا پێشكەشم نەكردووە. دوایین بەرهەمیشم كە لە چەند رۆژی رابردوو بە ئامادەبوونی خەڵكێكی زۆر پەردەمان لەسەر لادا بەناوی (هاوارێك بۆ ئازادی) كە بە بەرزی سێ‌ مەتر‌و نیوە‌و بە ماددەی بڕۆنز دروستكراوە، بودجەیەكی دووسەد‌و پەنجا هەزار یۆرۆی بۆ خەرجكرابوو، ئەم ژن‌و پیاوێك‌و منداڵێكە، بە جلی كوردی كە باس لە ئازارەكانی پەنابەران دەكات.