ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێویستە كە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا بیر لە تەندروستیت بكەیتەوە، چونكە لەبەر زیاتر مانەوە لە ماڵەوە یان لە ژوورە گەرمەكاندا زۆربەمان لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی میكرۆب دوچاری كۆكە، هەڵامەت یان ئەنفلەوەنزا دەبینەوە. پسپۆران جەخت دەكەنەوە كە وەرزی هەڵامەت لە مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەمەوە دەستپێدەكات، بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكانی زستان پێویستە كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمەوە هەنگاوەكانی ئامادەكردن و بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش بگرینە بەر، ئەمە جگە لە خۆراكی هاوسەنگ و پاكوخاوێنی. بەگشتی 3 جۆری ڤایرۆس هۆكارن بۆ ئەنفلوەنزا، كەچی زیاتر لە 200 جۆری ڤایرۆس دەبنە ئەگەری هەڵامەت كە لەوانەیە ببنە هۆی ئاڵۆزی تەندروستی لە بەساڵاچووان و تووشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان. بەكارهێنانی ڤاكسینی دژی ئەنفلوەنزا Flu shot لە مانگی تشرینی یەكەم و بەسەرەوە سوودبەخشە بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵیدایە، هەروەها بۆ ئافرەتی دووگیان و ئەو كەسانەی كە نەخۆشیی گەورەیان هەیە. كوتان دژی هەوكردنی شانەی سییەكان Pneumonia Vaccination زۆر پێویستە بۆ ئەو كەسانەی كە ئەگەری تووشبوونیان بە هەڵامەت وئەنفلوەنزا بەرزە یان لەژێر ریسكی تووشبووندان، بۆنموونە ئەو كەسانەی كە سستمی بەرگریی لەشیان لاوازە لەبەر تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان یان شێرپەنجە، یان لەبەر بەكارهێنانی دەرمانی ستیرۆیدی یان چارەسەری كیمیایی، هەروەها بۆ ئەو كەسانەی كە نەشتەرگەریی گواستنەوەی ئەندامێكی لەشیان بۆ ئەنجام دراوە.