ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووستن بۆ ماوەی زیاتر لە یەك كاتژمێر لەكاتی رۆژدا Daytime Naps و بە بەردەوامی، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە تا رێژەی 45% زیاد دەكات، ئەمە بە گوێرەی نوێترین لێكۆڵینەوەی پزیشكی كە لە زانكۆی تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن ئەنجام دراوە. هەروەها ئەمەش روونكراوەتەوە كە نووستنی زیاتر لە یەك كاتژمێر لەكاتی رۆژدا هێشتا رێژەی ئەم ئەگەرە زیاتر دەكات، پێچەوانەی ئەمەش راستە، واتە نووستنی كەمتر لە 40 خولەك ئەگەری تووشبوون كەمتر دەكاتەوە. هۆكاری زیاد نووستن لەكاتی رۆژدا دەگەڕێتەوە بۆ تێكچوونی خەو یان خەوزڕان لەكاتی شەودا، هەروەها پرخە و نۆرەی هەناسەتەنگی لەكاتی نوستندا Sleep apnoea كە دەبێتە هۆی بیداربوونەوە و پچڕبوونی خەو. لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە ئەم گرفتانەی خەو لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی زیاد بكەن وەكو: نۆرەی دڵ، جەلتە، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، گرفتەكانی پەیوەست بە میتابۆلیزم بەتایبەتی جۆری دووەمی شەكرە. لە لایەكی ترەوە، كەمیی كاتژمێرەكانی نووستنی شەو دەبێتە هۆی زیادبوونی ئارەزووی خواردن و زیادبوونی كێشی لەش، ئەمەش دیسان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات. ئەمەش تێبینی كراوە كە لەكاتی بەرزبوونەوەیەكی كەمی ئاستی شەكری خوێندا و ئەو كەسانەی كە لە قۆناغەكانی سەرەتای تووشبوون بە شەكرەدان زیاتر لەكاتی رۆژدا دەچنەوە خەوەوە. گەلێك سەرچاوەی پزیشكی ئاماژەیان بەمە كردووە كە نووستن لەكاتی رۆژدا بە مەرجێك لە 30 خولەك زیاتر نەبێت، لەوانەیە كە لەجیاتی زیان سوود بە تەندروستی بگەیەنێت، واتە بەر لەوەی كە مرۆڤ بچێتە خەوی قووڵەوە كە بە نووستنی شەپۆڵ نزم slow-wave sleep Deep ناسراوە.