ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمە روونە كە هەموو ئەوانەی كێشی لەشیان زیادە یان قەڵەون بە دوای رێگایەكی خێرادا دەگەڕێن بۆ دابەزاندنی كێش. لە بازاڕ و دەرمانخانەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە دەرمان دەبینین كە بەڵێنی دابەزاندنی كێش بە خەڵك دەدەن، هەندێك لەم دەرمانانە Diet Pills ئەگەر چی زیانی لابەلا و مەترسی تەندروستی لەخۆدەگرن، بەڵام لە هەندێك حاڵەتی تایبەتدا تەنیا بە رێنمایی دكتۆر چەند جۆرێك دەرمانی دیاریكراو بۆ ماوەیەكی زۆر دیاریكراو بە چاودێری وردەوە بەكاردەهێنرێن. زۆربەی ئەو دەرمانانە بە بێ زانیاری تەواو بەكاردەهێنرێن، بۆ نموونە ئەو دەرمانانەی كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن وەكو سیبوترامین Sibutramine زیانی لابەلای زۆر لەخۆدەگرن لەمانە: وشكبوونی دەم، بۆرژان، بێ هێزی گشتی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ. ئەو دەرمانانەی كە رێگا لە هەڵمژینی ماددەی چەوری لە كۆئەندامی هەرسدا دەگرن بە رێژەی نزیكەی 30% وەكو ئۆرلیستات(زینیكال Xenical) دەبنە ئەگەری كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا لەگەڵ سك ئێشە و هەندێك جاریش سكچوون و لەدەستدانی ئەو ڤیتامینانەی كە لە چەوریدا دەتوێنەوە. دەرمانی گیایی و جۆری تر زیاتر خۆراكن لەوەی كە دەرمان بن، زیانی لابەلایان هەیە و زیاتر رۆڵیان هەیە بۆ دروستكردنی پاڵپشتێكی دەروونی. تا ئێستا ریجیمی خۆراكی دروست و مەشقی وەرزشی بە رێنمایی دكتر باشترین رێگایە بۆ دابەزاندن و كۆنترۆلكردنی كێشی لەش.

 

  • 1