ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی كامبریدجدا هاتووە كە ئەنجامنەدانی مەشقی فیزیكی 2 هێندەی قەڵەوی مەترسی بۆ تەندروستی هەیە. ئەنجامنەدانی مەشقی فیزیكی ئەگەری گەلێك گرفتی تەندروستی زیاد دەكات وەكو: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، زیادبوونی رێژەی چەوری لە ناوچەی كەمەر و سكدا، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل و چەوری گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەلتەی مێشك. مەشقی فیزیكی جگە لەوەی كە كوالیتی ژیان بەگشتی باشتر دەكات، سوودی تەندروستیی گەورەتری هەیە وەكو كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، دڵ، جەلتە، بەهێزكردنی ئێسك و ماسوڵكەكان..تاد. مەشقی فیزیكی وەكو پیادەڕۆیی بە هەرزانترین و باشترین و سەلامەتترین چاڵاكیی بەدەنی بۆ هەموو كەسێك هەژمار دەكرێت، ئەگەر رۆژانە تەنیا بۆ ماوەی 20 خولەك پیادەڕۆییەكی خێرا Brisk walk ئەنجام بدرێت ئەوا سوودی تەندروستی دەپێكێت. ئەمە روونكراوەتەوە كە مەشقی پیادەڕۆیی خێرا بۆ ماوەی 20 خولەك نزیكەی 90- 110 كالۆری دەسووتێنێت، پیادەڕۆیی بۆ ماوەی زیاتر سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی چەوریی لەش و پاراستنی تەندروستیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. ئاماژە بەمەش كراوە كە پیادەڕۆیی رۆژانە بۆ ماوەی 20 خولەك رێژەی ئەگەری زووتر مردن تا 16% كەم دەكاتەوە، پێادەڕۆیی رۆژانە بۆ ماوەیەكی زیاتر ئەگەری زوو مردن تا رێژەی 30% كەم دەكاتەوە.