ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەتوانیت مەشقی هەڵگرتنی تەنی قوڕس یان راكردن لەسەر دەزگای ترێدمل Treadmill بۆ ماوەیەكی زۆر ئەنجام بدەیت، بەڵام نوێترین لێكۆڵینەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە مەشقی وەرزشی بە تەنیا كاریگەری تەواوی نابێت بۆ دابەزاندنی كێش كە دابەزاندنەكە جێگیر یان خۆڕاگر بێت و دووبارە كێشی لەش زیاد نەكاتەوە. هەروەها لە لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە كە هەتا ئەگەر مەشقی زیاتر و توندتر ئەنجام بدەیت، ئەوا لەش خۆی لەگەڵ ئەم ئاستە بەرزەی چاڵاكیی فیزیكی رادەهێنێت و ئیدی وزەی زیاتر سەرف ناكات، ئەمەش پاساوەی ئەوە دەداتەوە كە بۆچی مەشقی وەرزشی بە تەنیا بەس نییە بۆ هێشتنەوەی یان جێگیركردنی دابەزاندنی كێشی لەش بۆ ماوەیەكی زۆر. لە لایەكی ترەوە، ریجیمی هەڵە ئەگەرچی كێش دادەبەزێنێت، بەڵام دەبێتە هۆی ونكردنی بارستایی ماسوڵكە و تووشبوون بە كەمیی ڤیتامین و كانزایەكان، هەروەها لێرەدا دابەزینی كێش نەك هەر خۆڕاگر نابێت بەڵكو لەگەڵ شكاندنی ریجیمەكە كێشس لەش دووبارە دەست بە زیادبوون دەكات بە شێوەیەك كە زیاتر دەبێت لە خاڵی سەرەتای دەستپێكی ریجیمەكە. زۆربەی ئەو كەسانەی كە رۆژانە مەشقی وەزرشی مامناوەندی ئەنجام دەدەن و هەمان بڕی كالۆری دەسووتێنن، ئەگەر پەیڕەوی ریجیمێكی خۆراكی دروست لەژێر چاودێری دكتۆردا نەكەن، ئەوا كێشی لەشیان بە دروستی دانابەزێت، ئەگەر هاتوو كێشی لەشیش دابەزێت ئەوا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەبێت و لە هەر كاتێكدا ئەگەری زیادبوونەوەی لێدەكرێت.

  • 1