ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كارگەكانی خۆراك بەرهەمەكانیان بە رەنگ و قوتوو و وێنەی جوان و سەرنجڕاكێش دەڕازێننەوە بە مەبەستی زیادبوونی رەواج، لەوانەشە كە هەندێكیان بە زاراوەی تەندروستی بریقەدار كڕیار بۆ بەرهەمەكانیان زیاد بكەن كە لەوانەیە لە لایەنی زانستییەوە ناڕاست یان زێدەڕۆییان تێدابێت. بۆ نموونە زاراوەی (بێ چەوری ناوەند Trans-Fat Free) پێویستە كە هیچی لەم چەورییە تێدا نەبێت، بەڵام لە راستیدا ئەم زاراوەیە واتە رێژەی كەمتر لە 0.5 گرام لە ژەمێكی بچووكدا Serving، بۆ دڵنیابوون پێویستە كە پێكهاتەكانی سەر پاكێت یان قوتووەكە بخوێنیتەوە كە ئایا زەیتی هایدرۆجینكراوی Hydrogenated تێدایە كە ناوێكی ترە بۆ چەورییە نێوەندەكان و زیانبەخشن بۆ تەندروستی. زاراوەكانی تر بریتین لە: Light یان Lite واتە رێژەیەكی كەمی كالۆری یان وزە، Natural واتە سروشتی واتە هیچ ماددەیەكی دەستكردی تێدا نییە وەكو ماددەكانی رەنگ و چێژ و بۆن و پاراستنی خۆراك، Reduced Fat یان Reduced Sugar یان Reduced Sodium واتە كەم چەور یان كەم شەكر یان كەم خوێ، هەروەها گەلێك نووسراو و زاراوەی دیكە، بۆیە پێش بەكارهێنانی هەر خۆراكێكی پاكێت یان قوتووبەند جگە لە تێبینیكردنی رێكەوتی بەسەرچوون، پێویستە كە بە وردی پێكهاتەكان و راستییە خۆراكییەكان Nutritional facts بخوێنیتەوە.