ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر بە سپۆنسەری زانكۆی نۆلج چیرۆكی ئەیلان كوردی ئەو منداڵە كوردەی كۆبانێ كە لەدەریای ئیجە خنكا، دەكاتە فیلمی سینەمایی.

فیلمی سینەمایی (ئەیلان) لەلایەن جوبرائیل ئەبوبەكر كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و ئومێد رۆژ كاری مۆسیقای فیلمەكەی جێبەجێ كردوە.

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەوە رایگەیاند "چیرۆكی فیلمەكە باس لە ئەیلان كوردی دەكات كە لەسوریا شەڕ دەستپێدەكات لەگەڵ خێزانەكەی رێگەی تاراوگە دەگرنە بەر و بەرەو توركیا بەڕێدەكەون، بەڵام لەوێ‌ بەر لەوەی بگەن بەكەناری ئارامی شەپۆلەكانی دەریا دەیكاتە قوربانی".

جوبرائیل ئەبوبەكر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "سەرجەمی كارەكانی فیلمەكە تەواو بووە و ئامادەكراوە بۆ ناردن‌و بەشداریكردن لەفێستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەكان".

دواهەمین فیلمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر فیلمێك بوو بەناوی (بێدەنگی ئاسمان) كە لەدەیان فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداری كرد‌و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا. 

جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبوی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.