ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نەخۆشیی شەكرە یەكێكە لە ئەنجامە نەرێنییەكانی ژیانی مۆدێرن، سترێس، كەمی چاڵاكیی فیزیكی و خۆراكی خێرا. نەخۆشیی شەكرە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر سووڕی خوێن لە لەشدا، ئەمەش هۆكارە بۆ كەمتر گەیشتنی ئۆكسجین و ماددە خۆراكییەكان بە پەلەكانی سەرەوە و خوارەوە، هەروەها پێیەكان و پێستی سەر. كەمبوونەوەی سووڕی خوێن بۆ پێستی سەر كاریگەریی خراپی لەسەر رەگی قژ دەبێت. ئەم كاریگەرییە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری مردنی رەگی قژ و تەنكبوون یان هەڵوەرینی قژ. لە لایەكی ترەوە كەمبوونەوەی سووڕی خوێن بۆ پێستی سەر هۆكارە بۆ وەستانی گەشەی قژ و رێگرتن لە گەشەكردنی قژی نوێ. نەخۆشیی شەكرە بە رێگای تریش دەبێتە هۆی تەنكبوونی قژ، چونكە هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان لە لەشدا تێكدەدات هاوشێوەی تەنكبوونی قژ لەكاتی دووگیانی و وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەدا Menopause كە لەبەر تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان روودەدات. ئەمەش روونكراوەتەوە كە بەكارهێنانی دەرمانەكانی كۆنترۆلكردنی شەكرە هۆكارێكی ترە لەپاڵ تەنكبوونی قژ لە نەخۆشانی شەكرەدا. نەخۆشیی شەكرە سستمی بەرگریی لەش لاواز دەكات، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی تر زیاد دەكات كە لەوانەیە ببنە ئەگەری هەوكردنی پێستی سەر بە كەڕوو كە ئەگەری قژهەڵوەرین زیاد دەكات. شەكرە هۆكارە بۆ ئاستێكی بەرزی سترێسی ئۆكسان Oidative stress و پەیدابوونی رێژەیەكی زۆر لە كۆلكە سەربەستە ناجێگیرەكان Free radicals كە لەوانەیە ببنە هۆی قژهەڵوەرینێكی بەرچاو. دواكەوتنی چاكبوونەوە و نوێبوونەوەی خانەكانی رەگی قژ دوا هۆكارە بۆ تەنكبوونی گشتی قژ لە نەخۆشانی شەكرەدا.

  • 1