ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

توێژەران هوشداری دەدەن كە كاركردن لە شیفتی شەوانەدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم زیاد دەكات. شەكرەی جۆری دووەم Type 2 diabetes نەخۆشییەكی درێژخایەنە كە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر مامەڵەی دروستی لەش لەگەڵ شەكری گلوكۆزدا. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە كاركردن لە شیفتی شەودا مەترسی زۆری بۆ تەندروستی هەیە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە تا رێژەی 44% بەرز دەكاتەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لە شیفتەكانی رۆژدا كاردەكەن. كاركردنی بەردەوام لە شیفتی شەودا لەوانەیە هۆكار بێت بۆ كەم خەوی یان ناڕێكبوونی خەو، ئەمەش كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستیی دەروونی و جەستەیی وەكو: بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن،پەستی، خەمۆكی، گرفت لە پەیوەندییەكاندا. كاریگەرییە درێژحایەنەكانی كاركردن لە شیفتی شەودا بریتین لە: گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس، زیادبوونی كێش یان قەڵەوی، نەخۆشیی دڵ، هەندێك جۆری شێرپەنجە. كاركردن لە شیفتی شەودا وەكو ژەمی دەرمان وایە، هەر چەند زیاتر بەردەوام بێت هێندە كاریگەرییە نەرێنییەكانیشی بۆ تەندروستی زیاتر دەبن، بە مانایەكی تر هەر چەند كەڕەتەكانی شیفتی شەو زیاتر بن هێندە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەكان زیاتر دەبن.