ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئایا هەست بە زوو ماندووبوون دەكەیت؟ ئایا سستمی بەرگریی لەشت لاوازە؟ ئەگەر وابێت ئەوا لەوانەیە كە دوچاری كەمی ڤیتامین D بووبیت! ڤیتامین D رۆڵی هەیە لە رێكخستنی فرمانی چەند كۆئەندامێكی گرنگی لەشدا، گرنگی زۆری هەیە بۆ هەڵمژینی كالسیۆم و فۆسفۆر كە زۆر پێویستن بۆ پتەوی ئێسك و ددان، هەروەها گرنگە بۆ ماسوڵكەكان، شانەكانی مێشك، ماسوڵكەی دڵ، لەگەڵ دەردانی هۆرمۆنەكان. ڤیتامین D بەشدارە لە كۆنترۆلكردنی كردارەكانی هەوكردن لە لەشدا، بەمەشەوە یارمەتیدەرە بۆ خۆپاراستن لە ئازار و گرفتەكانی جومگەدا، بۆیە كەمی ئەم ڤیتامینە ئەگەری ئەم گرفتانە زیاد دەكات. گرنگترین نیشانەكانی كەمی ڤیتامین D ئەمانەن: لاوازبوونی ئێسك و ماسوڵكەكان لەبەر تێكچوونی هاوسەنگی ئاستی مەگنسیۆم كە ئەویش گرنگە بۆ پاراستنی پتەوی و تەندروستی ئێسك و ماسوڵكەكان، هەستكرن بە ناڕحەتی، گۆڕانی كتوپڕی مەزاج، خەمۆكی، هەوكردن و ئازاری درێژخایەن، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادكردنی ئەگەری ئاڵۆزییەكانی، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی لەبەر ئەوەی كە كەمی ڤیتامین D كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر تواناكانی جەستەیی و مێشك، زیادبوونی كێشی لەش، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ لە خوێندا، كزبوونی سستمی بەرگریی لەش كە ئەگەری تووشبوون بە هەڵامەت و ئەنفلوەنزا زیاد دەكات، ئەمە روونە كە كەمی ڤیتامین D دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی هەڵمژینی كالسیۆم، ئەمەش ئەگەری كلۆربوونی ددانەكان زیاد دەكات هاوكات لەگەڵ هەوكردن یان سووربوونەوەی پوك و ئەگەری خوێنبەربوون.