ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئەو كەسانەی لە سالۆنەكانی ستایلكردنی قژ و ئارایشتدا كاردەكەن بە هۆی شووشتنی قژ، بڕینی قژ، هەروەها بەكارهێنانی بۆیە، سپرای قژ، ئاوێتەكانی ئارایشت، ئاوێتەكانی جوانكاری و ماددەی كیمایی تر لەوانەیە كە دوچاری چەند گرفتێكی تەندروستی ببنەوە بەتایبەتی لە كۆئەندامی هەناسە و پێست و جومگەكانی دەست و پەنجەكاندا. بە پێی ئامارە پزیشكییەكان، نزیكەی 20%ی ئەو ئافرەتانەی لە سالۆنەكانی ئارایشت و ستایلی قژدا كاردەكەن دوچاری هەناسەتەنگی و رەبو دەبنەوە لە ئەنجامی هەڵمژینی پڕوشكە وردەكانی سپرای قژ Hairspray. زیاد تەڕكردن و شووشتنی دەستەكان و شووشتنی قژ هۆكارە بۆ سووربوونەوە و سووتانەوە و خورشتی پێستی دەست و پەنجەكان لەبەر هەوكردنی پێست Dermatitis كە لەوانەیە پێستی باسك و دەموچاو و ملیش بگرێتەوە. لە لایەكی ترەوە، بەكارهێنانی مقەس بۆ ماوەیەكی زۆر هۆكارە بۆ هەوكردنی جومگەی پەنجەكان و مەچەك، هەروەها هەوكردنی ژێی ماسوڵكەكان Tendinitis لە ئەنجامی بەردەوام دووبارەبوونەوەی فشار لەسەر جومگەكاندا. ئاوێتەكانی لوولكردنی هەمیشەیی قژ Permanent waves، فۆرمەلدیهاید Formaldehyde، بۆیەی ئەكریلیكی نینۆك لەگەڵ گەلێك ماددەی كیمیایی تر كە لە سالۆنەكاندا بۆ مەبەستی جیاواز بەكاردەهێنرێن، پەیوەندییان هەیە بە هەناسەتەنگی، هەوكردنی پێست، گرفت لە كۆئەندامی دەماردا، تێكدانی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان لە لەشدا، گرفت لە سستمی بەرگریی لەشدا.