ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەختیار سەعید یەكێك لە پڕ بەرهەمترین نووسەرانی بواری هونەری و شێوەكاری لە كوردستان دا، ئەو ساڵانێكە بە كۆكردنەوە و چاپ كردنەوەی بەرهەمەكانی هونەرمەندانی شێوەكارییەوە خەریكە و لەپاڵ ئەوەدا دامەزرێنەری 7 ڕەنگەیە. لە دیدارێكی "ڕێگای كوردستان"دا، بواری كاركردن و ئامانجەكانی ئەو پڕۆژە هونەرییە ڕوون دەكاتەوە.

ڕێگای كوردستان-سلێمانی

-چۆن 7 ڕەنگە دەناسێنن؟

+ناوەندی 7 ڕەنگە ناوەندێكی هونەرییە لە ڕۆژی 16ی ئایاری 2016 دامەزراوەو بناغەی كاركردن و هۆكاری دامەزراندنەكەی بۆ بە كلتوركردنی كاری هونەری لەناو ژیانماندا دەگەڕێتەوە و ناوەكەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە كار بۆ هەر 7 بەشەكەی هونەر بكەین، بەڵام بەهۆی ئەو بارە ئابوورییەی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، كارەكانمان لەم قۆناغەدا بە تەنیا لەناو هونەری شێوەكارییدا گیرساوەتەوە.

-كار و بەرهەمەكانتان لەو ماوەیەدا چی بووە؟ 

+لەماوەی سێ‌ ساڵی تەمەنی ناوەندی 7 ڕەنگەدا زیاتر لە 60 پیشانگەی تایبەت و هاوبەشمان بۆ شێوەكاران لەسەر ئاستی باشورو باكورو رۆژهەڵاتی كوردستان كردۆتەوە، چەندین پڕۆژەمان لەناو خوێندنگەكانی شاری سلێمانی و دەوربەریدا ئەنجامداوە، لەوانە بەخشینی تابلۆی شێوەكارانی كورد بە 100 خوێندگە و بەخشینی ئەو پۆستكارتانەی كە ناوەندی 7 ڕەنگە چاپی كردووە كە هەموویان تابلۆی شێوەكارانی كوردی لەخۆگرتووە، بەبێ بەرامبەر تابلۆ و پۆستكارتەكان بەخشراوەتە خوێندنگەو خوێندكاران، لەگەڵ گوتنەوەی وانەیەكی زانیاری هونەری و مێژوویی، لەهەمانكاتدا ژیاندانەوەی كاری دەستی و هاوكاری و كردنەوەی هەموو ئەوانەی كاری دەستی دەكەن بەتایبەت لە ژنان و كچان كە خاوەنی كاری دەستڕەنگین، هەروەها دروستكردنی یەكەمین دیداری كاریكاتێری كوردی لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە كە لەهەر چوار پارچەی كوردستانەوە 44 كاریكاتێرست بەشداریان كرد و لەهەر چوارپارچەی كوردستانەوە هونەرمەندانمان بانگهێشتی دیدارەكە كرا بوون، دواجاریش دەركردنی ڕۆژنامەیەكی تایبەت بە شێوەكاری بەناوی (تابلۆ) بەهاوكاری ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ بە سوپاسێكی زۆرەوە.

-بەرنامەی داهاتووتان چییە؟

+ دەركردنی ڕۆژنامەیەكی تر كە تایبەت بێت بە هونەری كاریكاتێر، ئەویش لەچوارچێوەی ڕۆژنامەی كوردستانی نوێدا بڵاودەبێتەوە، هەروەها بڕیارە دوای جەژنی ڕەمەزان پیشانگەیەكی شێوەكاری ببەینە شارەكانی سنەو سەقزو بۆكان و دواتریش بۆ مانگی ئاب ئەو شێوەكارانە بانگهێشتی شاری سلێمانی دەكەین، هەروەها لەگەڵ شێوەكارانی ئاماد قسەمان كردووە بۆ هەمان بیرۆكە، لەهەمانكاتدا لەكاركردنداین بۆ دووەمین دیداری كاریكاتێری كوردی كە بڕیارە لە ڕۆژی 1/4/2019 سازبكرێت و جگە لە كاریكاتێرستانی كورد لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە، كاریكاتێرستانی عەرەب و فارس و تورك و وڵاتانی تریش بەشداربن، هەروەها لیژنەیەكی تایبەت دروست دەكرێت بۆ هەڵسەنگاندنی كارە بەشداربووەكان و لەهەمانكاتدا سێ‌ خەڵاتمان دەبێت بۆ باشترین كاری بەشداربوو.

-ئایا 7 رەنگە چالاكییەكانی لە هەموو كوردستاندایە، یان تەنها لە سلێمانییە؟

+تا ئێستا لەناو باشورەوە كارمان بۆ شێوەكارانی بەشەكانی تری كوردستان كردووە، بەڵام لەئێستاوە چالاكییەكانمان دەبەینە ناو بەشەكانی تری كوردستان و ئەوانیش بانگهێشتی شاری سلێمانی دەكەین، بۆ ناو باشوریش ئێمە چالاكیمان لەناو شارەكانی سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجەو ڕانیە و كەلار و عەربەت هەبووەو هەوڵیش دەدەین چالاكییەكان بەرفراوانتر بكەین.

-ئایا 7 ڕەنگە كار لەسەر بڵاوكردنەوەو زیندووكردنەوەی هونەرو كلتوری خۆماڵی دەكات؟

+بناغەی دامەزراندنی 7 ڕەنگە لەسەر ئەوە بووە كە كار بۆ بڵاوكردنەوەو زیندووكردنەوەی هونەرو كلتوری كوردی بكات، باشترین بەڵگەش ئەوەیە لەناو ناوەندەكەو تەنانەت ئەو پیشانگەیانەی كە كردوومانەتەوە هەمووی تابلۆی شێوەكارانی كورد بووە، تەنانەت چاپكردنی پۆستكارت و درستكردنی مەدالیا، چاپكردنی فۆتۆی شارەكان و دروستكردنی پەیكەری شاعیرەكان بەشێكن لەو كارانەی كە 7 ڕەنگە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامی داوەو ئێستاش لەبەرنامەیدایە ناوەندێكی تایبەت بە ئیشی دەست بكاتەوە كە هەموو ئەوانەی كە كاری دەستی دەكەن لەم ناوەندەدا ببن بەئەندام و وۆرك شۆپێ تیابكرێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت فێربن، هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەكی دارایی بۆ هەموو ئەو ژنانەی كە ئەو كارە دەكەن كە لەناوەندەكەدا بەرهەمەكانیان دەفرۆشرێت.

 

  • 1