ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

جوبرائیل ئەبوبەكر دەرهێنەری لاوی كورد دەبێتە دادوەری یەكێك لەفێستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەكان و سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە بانگێشتنامەی رەسمیان لەو بارەیەوە ئاراستە كرد.

بۆ یەكەمین جار دەرهێنەرێكی لاوی كورد وەك دادوەر لە لیژنەی داوەرانی خولی دوانزەهەمینی فێستیڤاڵی ریفیری سینەمایی نێودەوڵەتی بەشداری دەكات كە لەوڵاتی ئیتاڵیا ئەنجام دەدرێت.

فێستیڤاڵەكە لە رۆژانی 15 تا 30ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوە دەچێت.

داوەتنامەی فەرمی فێستیڤاڵەكە گەیشتە دەست جوبرائیل ئەبوبەكر و وەك یەكێك لەئەندامانی لیژنەی داوەری بانگێشتی ئەو فێستیڤاڵە كراوە.

جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبووی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.

 

جوبرائیل ئەبوبەكر دەرهێنەری هەردوو فیلمی (بێدەنگی ئاسمان) و (ئەیلان)ە و فیلمی (بێدەنگی ئاسمان) لەكەمتر لە ساڵێكدا لە 54 فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداری كرد‌و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا و هەرچی فیلمی (ئەیلان)ە لەچەندین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی بەشداری كردووە و لەفێستیڤاڵی كلات نیسای سینەمایی كەلەوڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو، خەڵاتی باشترین فیلمی وەرگرت و هەروەها لەیەكەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی رەسام كە لەوڵاتی ئێران بەڕێوە چوو خەڵاتی سێهەمین باشترین فیلمی وەرگرت.