ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێكەوتی 5/8/2018 ئەستێرەی گەلاوێژ دەركەوت، کە ئەمەش نیشانەی فێنک بوونە بە تایبەت لە شەوان وە تارادەیەک کۆتایی بە گەرما دێت..

ساڵانە لە دوای ڕۆیشتنی 45 ڕۆژ لە وەرزی هاوین لەشەوی 5 ـی 8 ، ئەستێرەی درەوشاوەی گەلاوێژ لەئاسمان بەدیاردەکەوێت و بەخێرایی بەئاسماندا تێدەپەڕێت ،

لەگەڵ دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ ، شەوانە کەش و هەوا فێنك دەبێت و ، مزگێنی نەمانی گەرمای هاوین و فێنکبونی کەش و هەوا بەخەڵك دەدات ،

لەکۆندا کاتێك گەلاوێژ ئەنگوت ، خەڵك پێشوازییەکی گەرمیان لێ دەکرد ، وەك مژدەی سەرکەوتن بەسەر گەرمای هاوین پێناسەیان دەکرد ، بەڵام ئێستا نەك هەر پێشوازی لێ ناکرێ ، بەڵکو کاتەکەشی نازانن ،

ئەستێرەی گەلاوێژ یەکێکە لەدرەوشاوەترین ئەستێرەکان قەبارەکەی دوو ئەوەندەی خۆرە ، ڕوناکیەکەشی 26جار لەڕوناکی خۆر زیاترە ،

بەڵام لەبەر ئەوەی نۆ ساڵی تیشکی لەخۆرەوە دوورە ، هەربۆیە ڕوناکیەکەی ناگاتە زەوی ،

لەگەڵ ئەنگوتنی گەلاوێژ ، چەند نیشانەیەك هەن بەئاشکرا هەستیان پێدەکرێت ،

ئەگەر گەلاوێژ ئەنگوت ، هەردوو باڵندەی پەڕەسێلکەو حاجی لەق لەق کۆچ دەکەن بۆ خواروی باشور، بەڵام باڵندەی پەپوو سلێمانکە بەپێچەوانەی ئەو دوو باڵندەیە ، هەر کەهەستی بە نزیکبونەوەی گەلاوێژ کرد ، دێتە جێگای ئەوان و شوێنیان دەگرێتەوە ،

هەر دارێكیش گەڵای وەریبێت لەتێنوان ، دوای گەلاوێژ دوبارە چرۆ دەردەکاتەوە ، زەویش دەخوسێت و باشتر ئاو ڕادەکێشێت ، باغ و بێستان و شینایەتیش ئاوێکی کەمتریان دەوێ ،

پێش گەلاوێژ ، کاتێك دارێك دەبڕی بە ئاسانی توێکڵی لێ دەبێتەوە ، بەڵام دوای گەلاوێژ بەزەحمەت توێکڵی لێ دەبێتەوە ،

لەکۆندا کاتێك ئەستێرەی گەلاوێژ دەردەکەوت ، ئەیانگۆت منداڵینە چی دیکە مەلەی مەکەن خۆ دەناو ئاوێ هەڵمەینن ، گەڵاوێژا ئەنگوتیە نەخۆش دەبن ،

ئەگەر گەلاوێژ ئەنگوت ئیتر وەختی مازیانەو خەڵك دەچنە ناو لێڕی مازیان دەکەن ،

مەڕو ماڵاتیش هەستی پێدەکەن و دوای گەلاوێژ لەشەویندا لەیەکتر نزیکدەبنەوە ، ئەوەش نیشانەی فێنکبونی کەش و هەوایە ،

دوای هەڵهاتنی گەلاوێژ ، میوەی ترێ تامی شیرین دەبێ و پێدەگات ، هەر بۆیە لەکۆنەوە گوتویانە ،

دوای گەلاوێژ ترێ ، بەتامتر ئەخورێ ، یان گەلاوێژ کەوتە بەر شەوێ ، دەست بەرە لۆ باخەڵی مێوێ ،