ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فایق_دارتاش 

سەردەمانێک ، ئەو کاتانەی کۆیلەداری لە باشووری ئەمریکا باو بوو و لە ژێر چەتری یاسا دا مرۆڤە ڕەشپێستەکان لە لایەن خاوەن مڵک و دەرەبەگ و دەوڵەمەندەکانەوە دەکڕدران و دەفرۆشران ، ژنێکی ڕەشپێست بە ناوی " هەریت تۆبمان " کە خۆیشی کۆیلەیەکی هەڵاتوو بوو دەگەل کۆمەڵێک مرۆڤی تری ڕەشپێست و سپی‌پێستی ئازادیخواز ، کۆمەڵەیەکی نهێنی یان بە مەبەستی بە هەڵاتن‌دان و ڕزگارکردنی کۆیلەکان پێکهێنابوو بە ناوی " هێڵی ڕزگاری " ...

هێڵی ڕزگاری ، کۆیلە ڕەشەکانی لە سەر کاری مەزرا و کێڵگەی کۆیلەدارەکان هەڵدەنا و بە پڕۆژەی لە پێشدا ئامادەکراو ڕێگەی هەڵاتنی بۆ خۆشدەکردن بەرەو کەنەدا و ویلایەتەکانی باکووری ئەمریکا کە تیایاندا کۆیلەداری قەدەخە بوو .

پڕۆسەی رزگارکردنی کۆیلەکان گەلێک مەترسیدار بوو و لە هەر قۆناخێکدا ئەگەر ئاشکرا بوایە ، هەریت تۆبمان و هاورێکانی دەگیران و بێ سێ و دوو گوللەباران دەکران .

ساڵ هاتن و ڕۆیشتن و دوای خەباتێکی نەپساوە و بێوچان ، کۆیلەداری لە هەموو ئەمریکا دا قەدەخەکرا و هەرچی کۆیلە بوو ئازاد کرا .

دوای ئەم سەرکەوتنە لە هەریت تۆبمان یان پرسی : ئەستەم‌ترین لەمپەر و ئاستەنگی بەر دەم ئێوە بۆ رزگاریی کۆیلەکان ج بوو ؟ 

ناوبراو تاوێک چووە لە فکرەوە و پاشان گوتی : 

"ڕازیکردنی کۆیلەیەک بە وەی کە ئەو کۆیلە نییه و دەبێ بە ئازادی بژی ".

#