ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەلێك كەس پەنا دەبەنە بەر بەكارهێنانی دەرمانی دابەزاندنی كێشی زیاد. لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە بەكارهێنانی هەڕەمەكی هەندێك دەرمانی خۆلاوازكردنەوە لەوانەیە كە زیانی لابەلا و مەترسی گەورە بخەنە سەر تەندروستی تا رادەی مردن. زیانی لابەلای ئەو دەرمانانەی كە ئارەزووی خواردن كەم دەكەنەوە وەكو سیبوترامین Sibutramine بریتین لە: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، ئارەقەكردن،سەرسووڕان، ناڕوونی لە بینیندا، تێكچوونی خەو، ناڕحەتیی دەروونی، خەمۆكی، نۆرەی دڵ، ناڕحەتیی گەدە، زیاد تێنووبوون، قەبزی، بۆرژان، هەستكردن بە سووكبوونی سەر. ئۆرلیستات Orlistat كە بە زینیكال Zenical ناسراوە، رێگا لە هەڵمژینی چەوری بە رێژەی 30% دەگرێت لە ریخۆڵەدا، كۆمەڵێك زیانی لابەلای هەیە وەكو: نیمچەڕەوانی یان سكچوون، كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا، ئازاری گەدە، هێڵنج، رشانەوە، تاریكبوونی رەنگی میز، هەستكردن بە بێهێزی گشتی، سەرئێشە، پشت ئێشە، تووشبوون بە كەمی ئەو ڤیتامینانەی كە لە چەوریدا دەتوێنەوە. هەروەها گەلێك جۆری دەرمانی گیایی و چای سەوز لەبەردەستدان گوایە ئاستی میتابۆلیزم لە لەشدا بەرزدەكەنەوە، لەگەڵ شەكرە دەستكردەكان یان شیرینكارە دەستكردەكان Artificial Sweeteners كە لە ماددەی كیمیایی ناسروشتی لە تاقیگادا دروست دەكرێن، كە دەگەنە لەش ئەوا كاریگەری دەكەنە سەر DNA ناو خانەكان و فرمانەكانی دەشێوێنن. توێژینەوەیەكی سویدی جەختی لەمە كردۆتەوە كە ماددەی ئەسپارتێم Aspartame كە بۆ شیرینكردنی خواردنەوەی دایێت Diet بەكاردێت، ماددەیەكی شێرپەنجەییە.