ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەستكردن بە ماندووبوون Fatigue، هیلاكی، لەش هازران، بێ وزەیی كە هەموویان لە پزیشكیدا یەك مانایان هەیە، لەوانەیە كە لە باری ئاساییدا لە ئەنجامی هیلاكیی فیزیكی(جەستەیی) یان سترێس Stress رووبدات، لەوانەشە لەبەر كەمی نووستن، یان بارگرانی كار و پیشە رووبدات. گەلێك نەخۆشی جەستەیی و دەروونیش دەبنە ئەگەری هەستكردن بە ماندووبوون یان زوو ماندووبوون. ئەگەر ماندووبوونێك بە تێرنووستن سووك نەبوو، ئەگەر بە خواردنێكی باش و تەواو سووكتر نەبوو، ئەگەر بە دەرووبەرێكی ئارام و بێ سترێس سووك نەبوو، ئەوا مەسەلەكە پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات. ماندووبوون زۆر جار دەبێتە نیشانەیەك بۆ نەخۆشییەكی سەخت و دژوار. شێوەی ماندووبوون زۆر جار هۆكارەكەمان بۆ ئاشكرا دەكات. بۆ نموونە، ئەگەر بەیانی پاش خەوێكی باش و پشوودانێكی تەواو لەگەڵ هەر چاڵاكییەك هەستت بە ماندووبوون كرد، ئەوا لەوانەیە مانای گرفت لە گلاندی دەرەقی بگەیەنێ بە شیوەی سستبوونی گلاندەكە یان كەم دەردانی هۆرمۆن. ئەگەر لەگەڵ لەخەو هەڵساندا هەستت بە بێ تاقەتی و كەم وزەیی كرد و بە درێژایی رۆژ بەرودوامبوونی هەبوو، ئەوا لەوانەیە كە تۆ دوچاری خەمۆكی بووبیت. باوترین هۆكارەكانی ماندووبوون ئەمانەن: كەم خوێنی، خەوزڕان، ئازاری بەردەوام لە هەر بەشێكی لەشدا، هەناسەڕاوكێ یان رەبو، سستبوونی گلاندی دەرەقی، ئەلكهول و ماددە هۆشبەرەكان، خەمۆكی و غەم Grief، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی درێژخایەنی جگەر یان گورچیلە، كەمبوونەوە یان نەمانی ئارەزووی خواردن، هەوكردنی جومگەكان، بەدخۆراكی، شێرپەنجە، هەوكردنەكان بەتایبەتی ئەو هەوكردنانەی كە كاتێكی زۆریان پێویستە بۆ چارەسەر و چاكبوونەوە وەكو نەخۆشی سیل، هەوكردنی ماسوڵكە یان زمانەكانی دڵ، ئایدز، پەككەوتنی دڵ كە ئاوسانی لەشی لەگەڵدا بێت، هەندێك دەرمان وەكو زیانی لابەلا ماندووبوون یان بۆرژان پەیدا دەكەن وەكو دەرمانەكانی دژی هەستیاری و دەرمانەكانی دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن، دەرمانە ستیرۆیدەكان، هەروەها دەرمانە ئارامبەخش و خەوێنەرەكان.