ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خەمۆكی Depression جگە لە بێزاری و دڵتوندی گەلێك نیشانەی فیزیكی یان جەستەیی هەیە. لە چەندین لێكۆڵینەوەدا جەخت كراوەتەوە كە تووشبووان بە خەمۆكی بەگشتی دوچاری ئازاری درێژخایەن و نیشانەی تری جەستەیی دەبن. ئاماژە بەمەش كراوە كە جگە لە كەسی تووشبوو، خەمۆكی كاریگەری دەكاتە سەر كەسانی نزیكی وەكو خێزان، هاوڕێ، خزم، هاوپیشە..تاد. باوترین نیشانە جەستەییەكان كە هاوكات دەبن لەگەڵ خەمۆكی ئەمانەن: ئازاری ماسوڵكە و جومگە، سەرئێشە، توندبوونی نۆرەكانی سەرئێشە لە تووشبووان بە شەقەسەر، پشت ئێشە، ئازاری سینگ، گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس بە شێوەی هێڵنج و سكچوون یان قەبزی و هەندێك جاریش دڵەكزێ و كولبوونی دوازدەگرێ، هەستكردن بە بێ وزەیی و هیلاكی Exhaustion، هەستكردن بە زووماندووبوون، گرفتەكانی خەو بەتایبەتی خەوزڕان، هەڵبەزین و دابەزینی ئارەزووی خواردن، كەمبوونەوە یان زیادبوونی كێشی لەش، سەرسووڕان یان هەستكردن بە سووكبوونی سەر. پێویستە ئەمەش بزانرێت كە هەمان ئەو نیشانانە لە گەلێك حاڵەت و نەخۆشی تردا بەدی دەكرێن، بۆیە زۆر جار گەلێك لە تووشبووان بە خەمۆكی ئەو نیشانانە فەرامۆش دەكەن و ئاگاداری دكتۆر ناكەنەوە كە لەوانەیە جگە لە خەمۆكی دوچاری نەخۆشییەكی تری جەستەیی بووبن كە یەكێك یان زیاتر لەم نیشانانەی هەبێت.