ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئوتسی، ناوی جەستەی ئەو پیاوە بەستوەیە، کە لەساڵی ١٩٩١ و لە چیاکانی ئاڵپ، لەناوچەی ئۆتسا و لەسەر سنوری نێوان ئیتالیا و نەمسا بەڕێکەوت لەلایەن دوو شاخەوانەوە دۆزرایەوە. ئەم جەستەیە بەھۆی مانەوەی لەژێر سەھۆڵ و بەفری ئەستوری ھەزاران ساڵی لوتکەکانی ئاڵپەوە، وەک مۆمیاییەکی سروشتی مابوویەوە.

ھەر لەوکاتەوەی کە دۆزرایەوە، زانایانی ئارکۆلۆجیست و بایۆلۆجیست لێکۆڵینەوەکانیان بەچڕی لەسەر ئەم جەستەیە دەست پێ کرد و بۆیان دەرکەوت مێژووکەی بۆ ٥٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

ئێستا تیمێکی پسپۆڕ لە لێکۆڵەرەوان بە سود بینین لە (سیتی سکان) و دەزگای دیتجیتاڵی پێشکەوتوو و کۆمپیتەری پێشکەوتوو و دەزگای فۆنۆتیکی ئاڵۆز، توانیان بەسەرکەوتووی و لەپاش بیستو پێنج ساڵ لێکۆڵینەوەی ورد، دەنگ و شێوازی ئاخاوتنی ئەم پیاوە سەھۆڵینە دروست بکەنەوە!!!!

لێکۆڵەران ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە ئەوان ناتوانن بەشێوازێکی وردو دەقیق، دەنگی ڕاستەقینەی ئەم مۆمیاییە سروشتیە دروست بکەنەوە. بەڵام بە توێژینەوەی ورد لەسەر کۆئەندامی ھەناسەی و ئەندامەکانی قسەکردنی مۆمیایەکە و درێژی و پانی گەروی و پێوانەکردنی قوڕگ و سورێنجکی و ئەندازەگیری پاشماوەی دەنکە ژێیەکانی ناو قوڕگی، توانیوانە فۆنۆتیکی ئاخاوتن و شێوازی دەنگی قسەکردنی ئەم مۆمیاییە تاڕادەیەک بدۆزنەوە و لەوە تێبگەن کە دەنگی ئەم مۆمیاییە چۆن بووە!!!

ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی و لە ٢١ی سپتامبەری ساڵی ٢٠١٦ ڕاگەیەنرا. 

زانایان لەو کۆنگرەیەدا باسی ئەوەیان کرد کە ئۆتسی یان پیاوە بەستوەکە بە ئەگەری زۆر لەئەنجامی بەرکەوتنی تیرێکەوە گیانی لەدەست دابێت. ھەروەھا بەھۆی لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر گەدەی ئەم مۆمیاییە سروشتیە، دەرکەوتووە کە ڕووداوی کوشتنەکە لەبەھاردا بووە. چونکە پاشماوەی دوا ژەمی خۆراکی ناو گەدەی، ھی ئەو جۆرە ڕووەک و گژو گیایانە بوون کە تەنھا لەوەرزی بەھاردا دەڕوێن.

پاشماوەی جلەکانی ئۆتسی، لە موی بزن دروستکراوە، کە ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە مرۆڤی ئەو چاخە ئاژەڵی ماڵی کردووە.

گروپی لێکۆڵەرەوان دەڵێن، ھەڵبەت ئێمە نازانین ئۆتسی لەو سەردەمە دێرینەدا بە چ زمانێک قسەی کردووە، بەڵام بەھۆی درێژی و پانی گەروی و پاشماوەی دەنکە ژێیەکانیەوە، دەتوانین نمونەی ئەو پیتە دەنگدارو بێ دەنگانە دروست بکەینەوە کە ئەم پیاوە بەکاری بردووە!!!!

بۆ بیستنی دەنگی ئەم مۆمیاییە، زاناکان داتا فیزیکیەکان و زانیاریەکانی ئەندامەکانی قسەکردنی ئۆتسیان لەڕێگەی (وزەی دەنگی دەستکرد)ەوە ھەڵسەنگاند و سەرئەنجام توانیان نمونەی دەنگی و شێوازی ئاوازی قسەکردنی دەنگی ئۆتسی کۆپی بکەن...

کاتێک نمونە کۆپی کراوەکە پەخشکرا، زانایان توانیان بیسەلمێنن کە بەرز و نزمی ئاوازی دەنگی ئۆتسی لەنێوان فریکۆنسی ١٠٠ ھێرتز بۆ ١٥٠ ھێرتز بووە. واتە دەنگی ئۆتسی ھاوشێوەی دەنگی پیاوێکی ئەمڕۆیی بووە..

لەڕێگەی سی تی سکان و دەزگای دیجیتاڵی سێ ڕەھەندیەوە، زانایان توانیویانە شێوازی ڕووخسارو ڕەنگی چاو و شێوازی ڕێگا ڕۆیشتنی ئۆتسی کۆپی بکەن.