ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گۆشتی دەستكرد Cultured meat واتە بەرهەمهێنانی گۆشت لە كارگەی زیندەیی Bio-factory بێ ئەوەی كە لە ئاژەڵ وەربگیرێت، بەمانایەكی تر گۆشتی تاقیگا كە بە گۆشتی پاك Clean meat ناسراوە، چونكە ئەو گۆشتە هیچ نەخۆشیی و هۆرمۆن و ماددەی دژەژی Antibiotics و بكوژی مێرووی تێدانییە. لەم ساڵانەی دواییدا زانایان توانیان كە شانەی ماسوڵكە لە تاقیگادا بچێنن و گەشەی پێبدەن، واتە پێویست بە بوونی ئاژەڵ ناكات. گۆشتی دەستكرد لە تاقیگا بە وەرگرتنی ماسوڵكەخانە لە ئاژەڵەوە بەرهەم دەهێنرێت و گەشەدەكات و دەبێتە ماسوڵكە(گۆشت). بەگشتی واپێدەچێت كە گۆشتی دەستكرد لە گۆشتی سروشتی ئاژەڵ بۆ تەندروستی سەلامەتتر بێت بەتایبەتی كە هەرگیز بە بەكتریا و ڤایرۆس یان مشەخۆر ئالودە نابێت، هەروەها هۆرمۆن و و ماددەی كیمیایی تر لەخۆناگرێت كە لەوانەیە لە گۆشتی ئاژەڵدا هەبن ، بەڵام تەنیا بەكارهێنانی ماددەی پاراستنی خۆراك Preservatives لەكاتی بەرهەمهێنانی گۆشتی دەستكرددا پێویست دەكات بۆ پاراستنی لە گەشەی هەوێن و كەڕوو. گۆشتی تاقیگا هەموو پێكهاتەكان وەكو گۆشتی سروشتیی ئاژەڵ لەخۆناگرێت، ئەمەش لەوانەیە كە لە ئایندەدا گۆڕانی بەسەردابێت و بتوانرێت كە بە چەند رێگایەك ئەم پێكهاتانەی بخرێتە ناو، بۆنموونە دەكرێت كە وەكو دانەوێڵە ڤیتامین و كانزا و ترشە چەوری ئۆمیگا3 بخرێتە ناو گۆشتی دەستكردەوە. وا پێشبینی دەكرێت كە گۆشتی دەستكرد ساڵی 2020 بە شێوەیەكی بەربڵاو و هەرزاتر و بە كوالیتی بەرزتر لە گۆشتی ئاسایی ئاژەڵ بكەوێتە هەموو بازاڕەكانەوە.