ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەفەركردن بە فڕۆكە جگە لە روودانی كارەسات، كاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤدا بە شێوەی هێڵنج یان رشانەوە كە بە رشانەوەی سەفەر Travel sickness ناسراوە، ناڕحەتی لە گوێیەكان یان تەپبوونی گوێیەكان، هەندێك جاریش كاریگەری خراپ دەكاتە سەر ئەو كەسانەی كە چەند نەخۆشییەكیان هەیە. سەفەر بە هەوادا هەتا بۆ یەكێك كە خاوەن تەندروستییەكی باشیش بێت هەر مەترسی هەیە. لە بەرزاییدا، پەستانی هەوا یان ئەتمۆسفیر دادەبەزێت و رێژەی گازی ئۆكسجین لە هەوادا كەم دەبێتەوە، گەلێك نەخۆش بەرگەی ئەم گۆڕانانە ناگرن، بۆیە رێگایان پێنادرێت كە بە فڕۆكە سەفەر بكەن، هەندێك نەخۆشی تر پێویستییان بە چاودێری پزیشكییەوە دەبێت بەر لە سەفەركردن و لەكاتی سەفەركردن و لەپاش سەفەركردندا، بۆ نموونە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی رەبو، هەناسەتەنگی لەبەر پەككەوتنی دڵ، پەركەم یان گەشكە. ئێستا لەكاتی سەفەركردن بە فڕۆكە نەفەرهەڵگرە مۆدێرنەكان، رشانەوەی سەفەر تا رادەیەكی باش كەم بۆتەوە. ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری رشانەوەی سەفەر بە فڕۆكە زیاتر دەكەن بریتین لە: جگەرەكێشەكان، خواردنەوەی ئەلكهول، خواردنەوەی ساردەمەنییە كاربۆنكراوەكان(نوشابە گازدارەكان)، ترس و پەستی. ئەو كەسانەی كە چاودێری تەندروستی تایبەتیان پێویستە پێش سەفەركردن بە فڕۆكە و لەكاتی سەفەركردندا ئەمانەن: تووشبووان بە هەوكردنی یان سخبوونی جومگەكان، پیرەكان بەگشتی، ئەوانەی كە قاچیان لەبەر شكان هەڵبەستراوەتەوە، تووشبووان بە نەخۆشییە گوازراوەكان، راهاتووەكان(موعتادەكان) لەسەر ئەلكهول و بەنگەمەنییەكان، نەخۆشی دڵ كە تازە دەستنیشان كرابێت، ئەوانەی كە نەشتەرگەری سك یان نەشتەرگەری دڵیان بۆ كراوە و كاتێكی كەمیان بەسەر تێپەڕبووە، ئافرەتی دووگیان لەپاش هەفتەی 35 ـەم.