ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ناوەندی 7 ڕەنگە پیشەنگەیەکی هاوبەشی بۆ کاریکاتێرستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مۆزەخانەی ئەمنە سنوورەکە لە شاری سلێمانی کردەوە.

پیشەنگەکە بەناونیشانی "ژینگە ژیانە" لە ڕۆژانی 20-22ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ بەردەوام بوو. لە پیشەنگەکەدا 176 کاریکاتێر خرانەیەڕوو کە بەرهەمی 47 کاریکاتێریست بوون.

بەختیار سەعید بەڕێوەبەری ناوەندی 7 ڕەنگە بە "ڕێگای کوردستان"ی ڕاگەیاند، هەر بەشداربوویەک بە پێنج بەرهەم بە ئەندازەی A3 بەشداری پیشەنگەکەی کردووە، کە سێ لە بەرهەمەکان لەسەر ژینگە و دوو بەرهەمی دیکەیشیان ئازاد بوون لە هەڵبژاردنی بابەتەکانیاندا. 

ڕوونی کردەوە، هەمان پیشەنگە لە ڕۆژی ٢٨ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە.

بەختیار ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، جگەلە خستنە ڕووی بەرهەمە کاریکاتێرستییەکان، بۆ هەر بەشداربوویەکی پیشەنگەکە، بەرهەمێکیان کردووەتە پۆستکارت و ڕۆژنامەیەکی تایبەت بە چالاکییەکەشیان بەناوی کاریکاتێر بڵاو کردووەتەوە. لەگەڵ دوو کتێبی تایبەت بە کاریکاتێر کە یەکێکیان بەناونیشانی "ڕووخسار گۆڕین" لەلایەن ڕزگار سەعیدەوە لە ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوە و لەسەر ئەرکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان/لقی سلێمانی چاپ کراوە و کتێبی دووەم بەناونیشانی "مێژووی هونەری کاریکاتێر" کە هونەرمەند "پەروەر" لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕانی بۆ کردووە.